٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

موئەید تەیب: خۆڕاگریی ھێزی پێشمەرگە سنوورێکی بۆ بەغدا دانا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، خۆراگریی ھێزی پێشمەرگە لە بەرانبەر حەشدی شەعبی و ئەو گورزانەی لە ھەموو میحوەرەکان لێی وەشاندن، سنوورێکی بۆ دانان زیاتر پێشڕەوی نەکەن، ھەر بۆیەش بەغدا ئامادەیی نیشان دا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێم بکەن بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان.

دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، حەشدی شەعبی بە ھاوکاریی ئێران ھێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک و چەند ناوچەیەکیان داگیر کرد، ئەمەش بە ھاوکاریی چەند سەرکردەیەکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەردەوام بوون لە پێشڕەویکردن و ھەموو دانوستانێکیان ڕەت دەکردەوە، دواتر ویستیان پێشڕەوی بکەن بۆ ناوچەکانی دیکە، بەڵام لە پردێ و مەخموور و زوممار و ڕەبیعە ھێزی پێشمەرگە گورزی کوشندەی لێ وەشاندن و ڕێگەی نەدا پێشڕەویی زیاتر بکەن، ئەمەش وای کرد کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێتە سەرخەت و عێراقیش ڕازی بێت بە گفتوگۆکردن.

لەم بارەیەوە، چاودێری سیاسی، (موئەید تەیب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەموو دنیا داوای گفتوگۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەکات و سەرکردایەتی و حکوومەتی ھەرێم ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەربڕیووە، بەڵام لە بەغدا غرورێک ھەیە کە پێیان وایە ئێمە شکەستمان ھێناوە و بەھێز ھەرچی بیانەوێت بەرانبەر ئێمە دەیکەن، بەڵام گەلی کورد نیشانی دا، کە گەلێکی خۆڕاگرە و ناتوانن بە ھێز ئەو کارە لەگەڵ ئێمە بکەن.

ئێستا دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە نێوان ھەردوو حکوومەت بەڕێوە دەچن و ئەمەریکاش داوای کردووە ھەموو لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێم بکەن. (موئەید تەیب) لەو بارەیەوە گوتی: ''پێویستە ھەموو لایەنەکان خۆیان یەکلا بکەنەوە و پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە گەر ئێمە یەکگرتوو بین و ھەمووان پشتگیریی حکوومەت بکەین، سەرکەوتوو دەبین.''

لەبارەی ئەوەی ھەرێمی کوردستان چۆن لەم دۆخە ڕزگاری دەبێت، ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونی کردەوە: ''ئێمە بە دوو شت لەم دۆخە ڕزگارمان دەبێت و سەرکەوتوو دەبین، ئەویش خۆڕاگری و یەکگرتووییی لایەنەکان، چونکە بەم دوو ڕێگایەدا دەتوانین لە دانوستان لەگەڵ بەغدا سەرکەوین، چونکە دانوستان داوای کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.''

ھێزی پێشمەرگە لە ھەموو میحوەرەکان گورزی کوشندەی لە حەشدی شەعبی وەشاند و وای کرد، کە حکوومەتی عێراق ئاگربەست ڕابگەیەنێت، تا ئەوکاتەی دانوستانەکان دەگەنە ئەنجام، (تەیب) لەبارەی ئەو پرسەوە باسی لەوە کرد: ''خۆڕاگریی ھێزی پێشمەرگە و ئەو گورزانەی لە ھەموو میحوەرەکان لە حەشدی شەعبی وەشاند، سنوورێکی بۆ ئەوان دانا، کە زیاتر ناتوانن بێنە  پێشەوە، ھەربۆیەش سەرەتا کە ھاتن گفتوگۆیان ڕەت دەکردەوە، بەڵام کە ھێزی پێشمەرگە خۆڕاگریی نیشان دا و سنوورێکی بۆ حەشدی شەعبی دانا، ئەوانیش دەستیان بە گفتوگۆ کرد، لەگەڵ ھەرێمی کوردستان،  گەرنا ئەوان دایاننابوو دەست بەسەر ھەموو ھەرێمی کوردستاندا بگرن.''

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار