سالار جەباری: پڕۆژەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە دەڵێت، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە و بۆ ھەر خاڵێکیش چەند مانگێک داندراوە، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، کە ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت.
لیوا (سالار جەباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن ١٠ لیوای ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە ھەڵوەشاونەتەوە ڕاست نییە و ھیچ بڕیارێک لە وەزارەتی پێشمەرگە دەرنەچووە، بەڵام ڕەنگە ھەندێک لە ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە ڕێکخستنەوە ھەبێت و ئەو کارە بکرێت، ئەمەش کارێکی ئاساییە.''
جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە ڕوونی کردەوە: ''پڕۆژەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و ئێستا کار بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت و دوێنێش کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە ئەنجام دراوە و بۆ جێبەجێکردنی ھەر خاڵێک لەوانە وادەیەکی دیاریکراو دانراوە، کە ھەریەکەیان چەند مانگێکی پێویستە بۆ جێبەجێکردنەکەی.''
لیوا (سالار جەباری) ئاماژەیشی دا: ''وەزارەتی پێشمەرگە زۆر جددیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە، لەبەر ئەوەی ھەموو بوارەکان لە خۆی دەگرێت، ھەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستن و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە، کە ئەمانە خاڵی گرنگن.''
پڕۆژەیەکی ٥٢ خاڵی لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان ئامادە کراوە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەسەندی کردووە و ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن. ئەوانیش فەرمانگەیەکیان بە ناوی چاکسازی دروست کرد و کاری ئەو فەرمانگەیە تەنھا جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەبێت و ئێستاش دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کردووە.
بەپێی ئەو وادەی دانراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە سێ ساڵ دەخایەنێت و پێویستە لەو ماوەیەدا پڕۆژەکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




