یەکێتیی مامۆستایان: لەگەڵ بایکۆتکردندا نین.. ڕەنگە هەفتەی دابێ مووچە دابەش بکرێ

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێ، لەم قۆناغە ھەستیارەدا لەگەڵ بایکۆتکردندا نینە "داوا لە حکوومەت دەکەین بە زووترین کات مووچە دابەش بکات".
(ئەحمەد گەرمیانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دەنگۆی ئەوە ھەیە، کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان خۆپیشاندانی مامۆستایان بکرێت و بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن بکەن، بەڵام ئێمە وەکو یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان تا ئێستا ھیچ بڕیارێکمان نەداوە بۆ بایکۆتکردنی ھۆڵی خوێندن و ئەنجامدانی خۆپیشاندان، لەبەر ئەوەی دۆخەکە ھەستیارە و چەندین قەیران ھەیە، ناکرێت قەیرانێکی دیکەش درووست بکەین".
بە گوتەی سەرۆکی یەکێییەکە، ئەوان داوایان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، کە مووچەی مامۆستایان دابەش بکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو ھەفتەی داھاتوو مووچەی مامۆستایان دابەش بکرێت.
ناوبراو دڵنیایە، کە کێشەی مووچە بەم نزیکانە چارەسەر دەکرێت، گوتیشی: "جا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی بێت، یاخود لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بۆیە پێویستە خۆڕاگر بین، لەبەر ئەوەی منداڵانی کەرکووک و خورماتوو میوانی ئێمەن، ناکرێت ئێمەش بایکۆتی خوێندن بکەین و رێگری لە خوێندنیان بکەین، پێوستە ھاوکاریان بین".
بڵند ئیبراھیم




