٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕەوشی کەرکووک لەسەر زاری هاووڵاتیانەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  هاووڵاتییانی کەرکووک لە بارودۆخی شارەکە نیگەرانن و رایدەگەیەنن، کەوا سیمای ئێستای شارەکە عەرەبی و مەزهەبییە و، ڕفاندن و سوکایەتیپێکردنی کوردان و کوشتنیش بووە بە دیاردە.

دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی شاری کەرکووک لە لایەن حەشد و سوپای عێراقییەوە، هەزاران خێزانی کوردی ئەو شارە ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
هاووڵاتییەکی کەرکووک بە ناوی (جونەید) کە تازە گەڕاوەتەوە شارەکە، لەبارەی دۆخی شارەوە دەگێرێتەوە "هەتا بڵێی بارودخۆمان ناخۆشە"، ئەو تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەبەر کەسابەت و دەوامەکەم هاتمەوە، کەچی بە داخەوە لەوێیش فەسڵ کراوم."
وەک ئەو هاووڵاتییە باسی کرد، کاتی خۆی لە (مەرکەز شەباب) دامەزراوە کە دەکەوێتە سەر شەقامی بەغدا، دوێنێ کە چووەتەوە، بینیویەتی ئاڵای حەشد لەسەر دەزگاکەیان هەڵکراوە، "کاتێ چووم کە وەکو جاران بچمەوە سەر کارەکەم، بینیم ئاڵای حەشدی لەسەرە و سەرباری ئەوە چوومە ژوورەوە تا دەستبەکار ببمەوە،  کەچی پێیانگوتم، فەسڵ کراوم و هیچ پەیوەندیت بێرەوە نەماوە".

(جونەید) لە ناو بازاڕی شارەکەدا بوو کە وەڵامی تەلەفونەکەی ئێمەی دایەوە، بەڵام بە دەنگێکی نزم قسەی دەکرد و وەکخۆی ئاماژەی دا، ئەو لە ترسی عەرەب و تورکمانەکان ناوێرێت بە دەنگی بەرز قسە بکات و سەرباری ئەوەی کە ئەو لە رێی کۆیە و تەقتەقەوە گەڕاوەتەوە کەرکووک و نیگەران بوو لە مامەڵەی ئاسایش و پۆلیسی ناوچەکە کە لە بازگەکانیان ئەزیەتی زۆریان داون و پرسیار و پشکنینی زۆریان کردووە، بۆی گێڕاینەوە، کە تورکمان زیاتر سووکایەتی بە کورد دەکەن "دوێنێ لە ناو بازاڕ کابرایەکی کورد جلی کوردی پۆشیبوو، چەند تورکمانێکیش لە دواوە توانجیان لێی دا و گوتیان، هێشتا راتنەکردووە!، راستی نە کابرا و نە منیش نەمانوێرا قسە بکەین. لە بارودۆخێکدا دەژین، کە تەنیا سەر کزکردنمان بۆ ماوەتەوە، تەنانەت ناوێرین جلی کوردییش لەبەر بکەین".

ئەو کۆنەبەعسیانەی کاتی خۆی ئەزیەتی کوردانیان دابوو کە دوای ٢٠٠٣ ئەو شارەیان چۆڵ کردووە، ئەو هاووڵاتییە ئاماژە بە گەڕانەوەیان دەکات و گوتی: "باش دەیانناسمەوە، ئێستا زۆربەی ئەو کۆنەبەعسیانە هاتوونەتەوە و ئەوەی پێیان بکرێ بەرانبەر کوردانی ئەو شارەی دەکەن، کەسیش ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات".

 


تەنیا جلەکانیان گۆڕیوە
(بەختیار) کە پۆلیس بووە لەو شارە و ئێستا لە هەولێر دەژیێت، چیرۆکی خۆی بەم جۆرە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگێڕێتەوە و دەڵێ، "پۆلیسی هاوڕێم لەوێ ماون پێمدەڵێن، ‌حەشدی‌شەعبی بەپێی پۆستاڵ و سەر و شکڵیان دیارە کە بوونیان ماوە، "تەنیا جلەکانیان گۆڕیوە، بۆ ئەوەی وا پیشان بدەن، کە پۆلیسی ئیتیحادین".

ئەو پۆلیسەی کەرکووک باس لە سوکایەتییەکی حەشدی‌شەعبی دەکات، کە لەم رۆژانەی رابردوودا لە فەرمانگەی تەندرووستیی شارەکە روویداوە، ئەویش ئەوەیە، "کاتێک ئافرەتێکی عەرەب ئیشەکانی بە زوویی بۆ جێبەجێ ناکرێت و داوای لێ دەکرێت کە پەلە نەکات، دەچێت چوار چەکداری حەشد دێنێتە سەر فەرمانگەکە و بەڕێوەبەری فەرمانگەکەش لە ترسان لە پەنجەرەوە رادەکات و تا ئێستایش ئەو بەڕێوەبەرە ناوێرێ بچێتەوە سەر کارەکەی."

(بەختیار) هەروەها گوتی: "زۆربەی ئەوانەی سەر بە پارتی بوون، ناوێرین بچینەوە، ناومان دراوە پێیان، هەرکات بگەڕێینەوە دەمانگرن، لەو شارەش سووکایەتی بە خەڵکانی پارتی دەکەن، خۆ پێتناڵێن تۆ لەبەر ئەوەی پارتیت وات لێ دەکەین، بەڵکوو شتت بۆ هەڵدەبەستن."

حەشدی‌شەعبی جیا لە سووکایەتیکردن و گرتنی هاووڵاتییانی کورد لەو شارە، دەستی بە کوشتنی کوردیش کردووە، وەک (بەختیار) دەڵێ: "لە چەند رۆژی رابردوودا، کوڕێکی تازەپێگەیشتووی ناسیاوێکمان بە ماتۆڕسکیل پێش قافڵەیەکی حەشد کەوتووە، ئەوانیش گرتوویانە، هەرچەندە کەسوکاری کوڕە داوایان کردووەتەوە، حەشدەکان گوتبوویان سبەی بەری دەدەین، بەڵام بۆ سبەی تەرمەکەیان بە کوژراوی دۆزییەوە".

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار