كورد وه‌ڵامی نوێترین بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق ده‌داته‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری دا، رێگه له كردنه‌وه‌ی باره‌گای هه‌ر حزبێك له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بگیرێت، ئه‌گه‌ر سه‌ر به حكوومه‌تی فیدراڵی نه‌بێت. كورد، وه‌ك بڕیارێكی "به‌په‌له" سه‌یری ئه‌و بڕیاره ده‌كات و وه‌ڵامی بۆی هه‌یه.
په‌رله‌مانی به‌غدا له كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی ئه‌مڕۆدا (سێشه‌ممه)، رێگه له كردنه‌وه‌ی باره‌گای ئه‌منی یان هه‌ر حزبێك بگیرێت ئه‌گه‌ر سه‌ر به حكوومه‌تی فیدراڵی نه‌بێت. ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان، له رووی جیۆگرافییه‌وه تایبه‌ت كراوه به كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم.
كورد چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانه
دوای پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، عێراق و هه‌رێمی كوردستان مانگێكی سه‌ختیان به‌ڕێ كرد و ئێستا چه‌ند رۆژێكه دانوستان له نێوان حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌رده‌وامه. كورد چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی ئه‌و دانوستانانه‌یه.
(شوان نه‌عمان) سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان، ره‌خنه له بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌گرێ و جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه و رێككه‌وتنه‌كانی نێوان حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا و هه‌ولێره.
ئه‌و، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "لێكتێگه‌یشتن له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر هه‌یه و چاوه‌ڕێی ئه‌نجامه‌كانین. حزبایه‌تی له عێراق قاچاخ نییه و ئێمه به فه‌رمی چالاكیمان هه‌یه. ئه‌و بابه‌ته‌ش بێگومان له نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت".
له كۆتاییه‌كانی مانگی رابردووه‌وه، حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی به‌غدا كۆمه‌ڵێك بڕیاریان به‌رانبه‌ر به حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستان داوه و، كوردیش وه‌ك سزادانێك له‌و بریارانه ده‌ڕوانێ.
كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی په‌رله‌مان
حكوومه‌تی به‌غدا له رۆژی 16ی مانگی رابردوودا، سوپای به‌ره‌و كوردستان جووڵاند و ئێستا زۆربه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، له ژێر كۆنترۆڵی سوپا و حه‌شدی شه‌عبیدانه. ئه‌وه له كاتێكدایه كه به‌پێی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، نابێ سوپا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه ناوخۆییه‌كان بجووڵێندرێت.
له یه‌كه‌م رۆژه‌كانی بوونی ئه‌و هێزانه له كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری، كۆمه‌ڵێك تاوان به‌رانبه‌ر به خه‌ڵكانی سڤیل ئه‌نجام درا و (دیندار زێباری) به‌رپرسی لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و تاوانانه‌ی به "تاوانی جه‌نگی" ناو هێنا.
به‌پێی راپۆرته‌كان، تا ئێستا نزیك به 600 هاووڵاتی سڤیل له كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری، له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه شه‌هید كراون و زۆربه‌ی زۆریان هاووڵاتی كوردن.
(شوان نه‌عمان) سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان، ئاشكرای ده‌كات كه له داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی په‌رله‌مان به تاوتووكردنی ره‌وشی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری، ته‌رخان ده‌كرێ.
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، كه ئێستا سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی راپۆرتی وردن له‌سه‌ر دۆخی ئه‌و ناوچانه و كێشه‌یه‌ك كه هه‌یانه، تایبه‌ته به كه‌ركووك "چونكه سنووره‌كه‌ی به‌رفراوانه و دۆخه‌كه‌ی لێ ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه".
فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له په‌رله‌مانی كوردستان، به ئیمزای 10 ئه‌ندام په‌رله‌مانی، یادداشتێكیان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی به‌رز كردووه‌ته‌وه و تێیدا داوایان كردووه له كۆبوونه‌وه‌ی گشتیدا، باس له دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بكرێت.
(به‌هزاد ده‌روێش) سه‌رۆكی ئه‌و فراكسیۆنه به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "پێشریش داوایه‌كی له‌و جۆره‌یان له سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كردووه، به‌ڵام به بیانووی هه‌ستیاربوونی دۆخی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كان، ئه‌وه‌یان ره‌ت كردووه‌ته‌وه".
په‌رله‌مانی كوردستان ده‌یه‌وێ دوای پێكهێنانی لیژنه‌ی تایبه‌ت به دۆخی ئه‌و ناوچانه، راپۆرتێكی ورد ئاماده بكات و دواتر ئاراسته‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وڵاتانی زلهێز بكات.
كاوه جه‌م




