٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە ھۆی حەشدی شەعبیەوە ٨٠%ی دانیشتوانی مەخموور ئاوارە بوونە

سەرچاوە: KDP.info


مەخموور-KDP.info- قایمقامی قەزای مەخموور ئاشکرای کرد، بە ھۆی ھێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان بۆ سەر قەزای مەخموور زۆربەی دانیشتوانی شارۆچکەکە ئاوارە بوونە و دەشڵێت، ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی ماڵی ھاووڵاتیان تاڵان دەکەن.

دوای ھێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان بۆ ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییان ئاوارە بوونە و لە سنووری قەزای مەخمووریش سەدان خێزان ئاوارە بوونە. (ڕزگار محەمەد)، قایمقامی قەزای مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ھاتنی ھێزەکانی عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ قەزای مەخموور زۆربەی خەڵکی مەخموور ئاوارەی ھەولێر و ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بوونە و نزیکەی ٨٠%ی دانیشتوانی قەزای مەخموور ئێستا ئاوارەن و تەنیا بەشێکی کەمی دانیشتوان لە نێو مەخمووردا ماون، ئەو ڕەوشەی لە خورماتوو و کەرکووک و داقووق و دوبز ھەیە، بە ھەمان شێوە لە مەخمووریش ھەیە، بەڵام قەبارەکەی بەو شێوەیە نییە.''

بە پێی ئەو زانیارییانەی لە نێو مەخموورەوە دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتوون، ماوەی چەند ڕۆژێکە ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی دەستیان بە تاڵانکردنی ماڵی ھاووڵاتییان و بەشێک لە دووکانەکانی بازاڕی مەخموور کردووە، لەم بارەیەوە،  قایمقامی قەزای مەخموور ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''بەڵێ ئێمەش زانیاریمان ھەیە، ھێزەکانی عێراق، کە ئێستا لە نێو مەخمووردان، ژمارەیەک ماڵی ھاووڵاتییانیان تاڵان کردووە و ژمارەیەک خانووش وەک بارەگای سەربازی بەکار دەھێندرێن و بوونەتە بارەگای ئەوان.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار