٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکاندا کارەساتە؛ دەیەوێت کورد لە ناوچەکەدا نەمێنێت"

سەرچاوە: KDP.info


کوردستان-KDP.info-  ھەریەک لە بەڕێوەبەرانی ئاسایشی دوزخورماتوو و داقوق دەڵێن، ئەو گرووپە توندڕۆیانەی بە ناوی سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبییەوە دەستیان کردووە بە کوشتن و تۆقاندنی کوردەکان لەم ناوچانەدا، وایان کردووە، تەواو ژیان بۆ کوردستانیان دەست نەدات، سەلماندیان کوردستان بەشێک نییە لە عێراق، شەھیدکردنی ئەم ڕۆنامەنووسەش لە داقوق زەنگێکی ئاشکرایە تا تەواوی کوردەکان ئەم ناوچانە بەجێ بھێڵن.

حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکاندا بەردەوامن لە ڕفاندنی خەڵک و توندوتیژی و سڕینەوەی پێگەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان و، شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بۆ ئەوەی کورد لەو ناوچانەدا بوونی نەمێنێت، هەروەک (کاوە مەلا پەروێز)  بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''لە دوزخورماتوو ئەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ دەچێت شەڕی حەشدی شەعبی و پێشمەرگەیە، شەڕەکە پەرەی سەند و گەیشتە ئەو ڕاددەیەی کۆڵان بە کۆڵان شەڕ کرا و دووزخورماتوویان بەش کرد، بەشێکیان بوو بە تورکمان و بەشێکیان بوو بە کورد، هەر زوو عارەبەکانیان بە ناوی داعشەوە لە دووز نەھێشت، مەبەست لە عارەب، عارەبە سوننەکانن، دواتر لەم دوا دواییەوە بە بیانووی ئەوەی ڕیفراندۆم کراوە، ھاتن ماڵە کوردەکانیان تەقاندەوە و ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بوو بە ئاشکرا پێیان دەگوتن بار بکەن و ئەگەر بار نەکەن دەتانکوژین، ئیتر خەڵکەکە گشتی لە ترسان باریان دەکرد و ماڵەکەیان تاڵان دەکردن و دەیانسووتاندن، تا گەیشتە ڕۆژی ( ١٦-١٠-٢٠١٧)، کە لە کەرکووک پێشمەرگەکانیان کشاندەوە، وەک خیانەتێک لە کوردستان کرا و وای لێھات بە یەکجاری لە ھەموو ئەو ناوچانەی کە لە ژێردەستی ئەو گرووپە دڕندانەدان ژیانی تێدا نەمێنێت، ئیتر ڕۆژانە بە بەرچاوی حکوومەتی عێڕاقەوە ماڵە کوردەکان دەسووتێنن و تاڵانی دەکەن و ھاووڵاتییە کوردەکانیش شەھید دەکەن، لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک (عەسائیب ئەھلی حەق و سوپای بەدر و عەسائب خۆراسانی و سوپای پاسداران) و چەندینی ترەوە، بە ناوی حەشدی شەعبیەوە، مەبەستی تایبەتیشیان ئەوەیە لەو ناوچانە کورد نەمێنێت و وەک شارەکانی دیالە و ئەو شارە عەرەبانەی تری لێ بکەن، کە تەواو شیعین و ژیانی کورد بە تەواوی تاڵ بێت.''

(مەلا پەروێز) گوتیشی: ''شەھید کردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە داقووق ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ تەواوی ئەو کوردانەی لەم ناوچانە ماوون، تا بە تەواوی نەمێنن و تەواو ترس و تۆقینیان بڵاو کردووەتەوە، ھەر بۆیە پێویستە ھێزێکی نێودەوڵەتی بێتە ئەو ناوچانەوە و وەک ناوبژیوانێک بن، چونکە گەر وا نەبێت ئەم پێشێلکارییانە تەواو بەردەوام دەبێت، یان دەبێ ئیمە بین یان دەبێ ئەوان بن. عێڕاق بەو کارانەی ئەو دواییەی تەواو سەلماندی،  کوردستان بەشێک نییە لە عێڕاق و تەواو لە خۆی جیا کردەوە و پێکەوەژیان لەگەڵ عەرەب ناکرێت بە ھیچ جۆرێک و وا بڕوات ژیان لەو ناوچانە بۆ کورد دەست نادات، تورکمانە شیعەکان بە ئاشکرا دژایەتیی کوردستان دەکەن، چونکە ئێران و عێراق ھاوکاریی باشیان دەکەن بۆ دژایەتیکردنی کوردستان.''

ھاوکات، ھەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر ھێرشی میلیشای حەشدی شەعبی، کە بە شێوەیەکی دڕندانە ھێرشیان کردووەتە سەر ئەم ناوچانە و دەستیان لە سەر و ماڵی ھاووڵاتیانی ئەم ناوچانە نەپاراستووە و پێشێلکارییەکانیان بە شێوازی جۆراوجۆر دەرھەق بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەردەوامن و ھەڕەشەیان لەسەرە. سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەکانیش بە پێی ڕاپۆرتێکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە (٢٥-١٠-٢٠١٧) ڕایانگەیاند: ''بە پێی زانیارییەکانمان تاکو ئێستا زیاتر لە (١٦٨٧٢١) کەس لە کەرکووک و خانەقین و زوممار و ڕەبیعە ئاوارە بوونە بۆ ھەرێمی کوردستان و تەواوی ماڵی خاڵیی خۆیان جێ ھێشتووە، لەوانە (٨٠١١١) کەس ڕوویان لە ھەولێر کردووە و (٢٨٧٢١) کەس چوونەتە شاری سلێمانی، ھاوکات (٦١١١) کەسیش لە زوممار و ڕەبیعەوە ڕوویان کردووەتە شارەکانی دھۆک و زاخۆ بە ھۆی ھەڕەشەکانی حەشدی شەعبییەوە.''

ھەر پەیوەست بە ھەمان پرس، بەڕێوەبەری ئاسایشی داقووق، (فارووق ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دیارە ھەر لە سەرەتای ئەو پلانەوە، کە دژی کوردستان داڕێژراوە، کە ھەندێک کەسی خۆشمانی لەگەڵدایە و چاوساغییان بۆ دەکەن، بۆ ئەوەی دەست بەسەر شاری کەرکووک و دەورووبەریدا بگرن، ئەوەتەی ئەو ماوەیە حەشدی شەعبی و ئەو گرووپە جیاوازانەی بە ناوی سوپای عێراقەوە لە ناوچەکەن پێشێلکاری بەرانبەر بە تەواوی مرۆڤایەتی لەم ناوچانەدا کراوە و لە کۆنترۆڵی کوردەکان دەرچووە، ھیچ کوردێک بە ئاشکرا ناتوانێ لەو ناوچانە بسووڕێتەوە و دیار بێت، ماڵە کوردەکانیان تەقاندووەتەوە و سووتاندویانە، تەنانەت دوێنێ شەو لە ناو شارۆچکەی داقووق ڕۆژنامەنوسێکی کورد بە چەقۆ بە شێوازێکی زۆر ناشیرین لە پێش چاوی ماڵومنداڵەکەی شەھید کراوە. ئەم گرووپانە نووسراویان ئاراستەی سەرجەم لایەنەکانی خۆیان کردووە، کە ھەر کوردێک، بەتایبەت ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت و دەنگی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دابێت، بیگرن و دەستیان لێ مەپارێزن، ھەروەھا ئەو کارمەندانەی لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا کاریان کردووە، ناویان لە دیوار ھەڵواسیون و بەدوایاندا دەگەڕێن و بە ناشرینترین شێواز شەھیدیان دەکەن، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نابێت ھەروا بێدەنگ بێت، بە بەرچاویانەوە پێشلکاری زۆر ناشیرین دەکرێت و بێدەنگن.''

ئەو بەڕێوەبەرەی ئاسایش گوتیشی: ''ئەم پیلانەی دانراوە پیلانێکی زۆر زەقە، بەتایبەتی و بەئاشکرا دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام دراوە، دڵنیام حکوومەتی عێڕاق بۆی ناچیتە سەر و تا کۆتایی ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چونکە عێراق وەفای ئەوەی نەماوە جارێکی تر بچن جاشایەتی بۆ بکەن، ڕێککەوتنەکانی نێوان حەشدی شەعبی و ئەو بەشەی لایەنی یەکێتی، کە ئەو ناوچانەیان ڕادەستیان کرد، تا سەر نییە و کێشەی تێکەوتووە و ماوەیەکی کاتییە و دەیبینین.''

فایزە کۆیی                                     
 

هەواڵی پەیوەندیدار