پڕۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل: ئەوەی لە ناوچە کوردستانییەکان ڕوو دەدات، گۆڕینی دیمۆگرافیایە کە بۆیان ناچێتە سەر

كه‌ركووك -KDP.info- لە دوای داگیرکردنەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، هەوڵێکی چڕ و رێکخراو هەیە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافییای ئەو ناوچانە و، پسپۆڕێکی جیۆگرافیای سیاسی ئەمە بە رووداوێکی کاتی ناو دەبات، "هەرگیز ئەو ئامانجەیان ناچێتە سەر."
بەڕێوەبەری پۆلیسی فیدراڵی عێراق فەریق روکن (راید شاکر جەودەت) دوێنێ فەرمانی کردووە، کە زمانی کوردی لە فەرمانگە حکوومییەکانی کەرکووک ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم قەدەغە بکرێت، هاوکات سەرجەم تابلۆ کوردییەکانی شارەکەش بسڕدرێنەوە و بعەرەبێندرێن، لە لایەکی تریشەوە هەوڵێکی رێکخراو هەیە، تاوەکو پارێزگار و بەڕێوەبەرانی شارۆچکە و شارەدێکانیش بکرێنە کەسانی سەربازی پلەداری عەرەب.
ئەو کارانەی ئێستا حەشد و سوپا بە پشتگیریی حکوومەتی بەغدا بەرانبەر ناوچە کوردستانییەکانی دەکات، دەرەنجامی ئەو رێککەوتنە نهێنییەی چەند کەسێکە، کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا کرا، هاوکات ئەو کارانەشی کە لە لایەن بەغداوە دەکرێن، پێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراقن.
هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان، لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان کاریان بۆ کردووە، ئەم کارەی بەغدایش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی عەرەباندنی ئەوانەی پێش خۆیین، وەک بینیمان هەر لە سەرەتای داگیرکردنی شاری کەرکووک و لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، نەیانهێشت بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە، کە کوردە بە زمانی کوردی قسە بکات، پڕۆفیسۆر(خەلیل ئیسماعیل) پسپۆڕی جیۆگرافیای سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە دوای داگیرکاریی ئەو ناوچانە و ئەو هەوڵانەی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچە کوردستانیانە دەدرێن، پێچەوانەی دەستوورن، هەوڵی عەرەباندنی ئەو ناوچانەش یەکەم جار نییە دەدرێت، بەڵکو مێژوویەکی دریژی هەیە".
دوای ئەوەی سەدان خێزانی کوردی ئەو ناوچانە لە ترسی دەسدرێژییەکانی حەشدی‌شەعبی ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بوون، وڵاتانی هاوپەیمان هاتنە دەنگ و داوایان لە بەغدا کرد سنوورێک بۆ ئەو جۆرە دەسدرێژیانە دابنێت، کە هەنگاوی بۆ کوشتنی کورد و سوتاندنی ماڵی کوردان دا، ئەو پسپۆڕە هاتنەدەنگی وڵاتانی هاوپەیمانان بە ئەرێنی ناو دەبات، بۆیە پێیوایە کە ئەو بارودۆخە تا سەر نابێت، "هەوڵی وڵاتانی هاوپەیمانی و گفتۆگۆی نێوان هەرێم و ناوەند، ئەو بارودۆخە تێدەپەڕێنێت و دەیگەڕێنێتەوە قۆناغی پێشوو، دەشبێت بە هەماهەنگی کورد ئەو ناوچانە لە رووی ئیدارییەوە بەڕێوە ببرێن"، ناوبراو گەشبینیی خۆی ناشارێتەوە لەوەی کەو هەوڵانە سەرناگرن، نموونەش بە حکوومەتەکانی پێشووی عێراق دەهێنێتەوە، کە هەمان کاریان کردووە و سەرکەوتوو نەبوون، "رژێمی بەعس، کە چەندین کاری بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە کردبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣ کە رووخا، بینیمان کەرکووک و ئەو ناوچانە کوردستانی بوونی خۆیانی لە دەس نەداوە".
(کاوێز مەلاپەروێز) چاودێری سیاسی، داگیرکردنی ئەو ناوچانە لە لایەن حەشد و سوپاوە، تەنیا بە مەترسی بۆ سەر کورد نازانێت و دەڵێت "سوننەکانیش ژیانیان کەوتۆتە مەترسییەوە"، ناوبراو جیاواز لە عەرەباندنی ئەو ناوچانە لە لایەن حکوومەتەکانی پێشووی عێراقەوە، ئەم جۆرەیان بۆ تەواوکردنی هیلالی شیعی دەگێڕێتەوە، کە شیعەی عێراق بە ئەجێندای دەرەکی کاری بۆ دەکات، هاوکات بە کورتبینییان پێناسە دەکات و پێیوایە، دەرەنجامی ئەم کارانەیان، خزمەت بە وڵاتەکە نییە، بەڵکو خزمەتکردنە بە وڵاتێکی تر، کە سەرەنجام بە سەرخۆیاندا خراپ قڵپ دەبێتەوە.
بەرپرسێکی پارتی‌یش لەگەڵ ئەم بۆچوونە تەبایە و دەڵێت: "عه‌ره‌بی سوننەش بە گشتی ده‌بێت شاری کەرکووک جێ بێڵن، بە تایبەت ئاوارەی كه‌مپه‌كان، ئه‌مه‌ش دیاره شیعاندنی شارى كه‌ركووكە، کتومت وه‌ك ئه‌وه‌ى سامه‌ڕا و خاڵس و خورماتوو کە كارى بۆ ده‌كه‌ن، ئیرانییه‌كانیش له‌وێن هه‌وڵى جیددى بۆ ئەو مه‌به‌ستەیان دەدەن، تاوەکو له ماوه‌یه‌كى نزیكدا به ده‌ستى بێنن".
(دیاری حوسێن) جێگرى بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كه‌ركووك– گه‌رمیانى پارتی دیموكراتی كوردستان له باره‌ى ڕه‌وشى شارەکە له دواى 16ئه‌م مانگه‌وه، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانـی گوت: "بارودۆخی ئه‌و شاره به‌ره‌و نادیار ده‌ڕوات، ڕۆژ له دواى ڕۆژ گوشارەكان و كوشتن و بڕین و گرتن له‌سه‌ر خه‌ڵكى كه‌ركووك زیاد ده‌كات، هەموو دەسەڵاتێکیشیان داوەتە (راكان جبوورى) كه وه‌كو پارێزگار دایانناوه".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەیشی ئاشکرا کرد، کە ده‌ستیان كردووه به گۆڕینى ته‌واوى بەڕێوەبه‌ره‌كان، نموونەشی بە به‌ڕێوەبه‌رى پۆلیسى قه‌زا و ناحییه‌كان، كه كورد پشکی کورد بوو هێنایەوە، کەوا كه‌سێكى عه‌ره‌بیان له شوێنى داناوه، گوتیشی: "بەڕێوەبەری تاپۆیشیان گۆڕیوە، كه دیاره به‌رنامه‌یان بۆ ئه‌وه‌یه كورده‌كان ده‌ربكه‌ن و خەڵكى خۆیان دابنێن".
(دیاری حوسێن) نایشارێتەوە، کە ئەوانەی کەرکووکیان بەو دەردە برد، چاوەڕێی پلە و ئمتیاز بوون، کەچی هیچیان پێ نادرێت و جارێكى تر خۆیان و كه‌ركووكیان دۆڕاند، "ده‌بێت ئه‌وانیش وه‌كو ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه‌ركووك جێ ده‌هێڵن، رۆژێك دێت ئه‌وانیش ده‌بێت كه‌ركووك جێ بێڵن".
به‌غدا بڕیارێكی ده‌ركردووه، کەوا هه‌موو عێراقییه‌ك ده‌توانێت ناسنامه‌ى بارى شارستانى خۆى بگوازێته‌وه سه‌ر شارى كه‌ركووك، كه له ده‌ستووردا مادده‌ى 140ـی ئه‌و ناوچانەیە، کە كێشه‌لەسه‌رن، ئەو بەرپرسەی پارتی لەو بارەوە جەخت دەکاتەوە: "نابێت كارى وەها بكرێت، ئه‌مه‌ش دیاره نایانه‌وێت ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت، بۆیه كورد ده‌بێت به خۆیدا بچێته‌وه و یه‌كگرتوو بێت و هه‌وڵ بده‌ین به‌رانبه‌ر به‌و كاره قێزه‌ونانه‌ى عیراق، کە له دواى 16ـی ئه‌م مانگه‌وه هه‌نگاوى بۆ هاوێشتووه لە یەک سەنگەردا بین، ده‌بێت چاوپۆشى له‌و كه‌سانه‌ش نه‌كرێت ئه‌و خیانه‌ته‌یان كردووه، دەبێ بدرێنه دادگا، بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر كه‌سێك نه‌وێرێت موساوه‌مه له‌سه‌ر خاكى كوردستان بكات".
خێڵان بەختیار و نەشوان بەرزنجی




