حزبەکان پارستنی ئارامیی کوردستان بە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەک دەزانن
__2017_10_30_h17m42s53__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پاراستنی ئارامیی کوردستان بە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەزانن و داوا دەکەن، دۆخەکە لەوە زیاتر ئاڵۆز نەبێت، بە ئارامیش مامەڵە لەگەڵ ڕەوشی هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەرجەم حزبەکانی کوردستان بە ئاراستەی مامەڵەکردنی تەندروست لەگەڵ دۆخی کوردستان هەنگاو دەنێن و نایانەوێت گرفت ڕوو بدات، ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان و حکوومەتی کوردستان لە پەیامێکدا داوایان لە خەڵک کردووە، ئارامیی کوردستان بپارێزن. (عەلی حوسێن)، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هێورکردنەوەی ڕەوشەکە لە خزمەت هەموو لایەکە، چونکە دۆخی هەستیاری کوردستان دەبێ بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و نابێت ئەو ئاشتیی کۆمەڵایەتییە تێک بدرێت و گرنگە دامودەزگاکانی حکوومەت بێنە سەرخەت و ڕێگا نەدەن، هیچ کەسێک بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر لایەنی دیکە بکاتە بیانوو.''
(عەلی حوسێن) گوتیشی: ''مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بارەوە ڕاگەیەنراوی بڵاو کردووەتەوە و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردووە، بۆیە دەبێ هەموو کادیر و ئەندامانی پارتی پێوەی پابەند بن.''
هاوکات، (ئازاد تۆفیق)، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی: ''دەبێ دۆخی کوردستان ئارام بکرێتەوە و ڕێگا بە دەستوەردانی هیچ لایەنێک نەدرێت و دەبێ ڕاگەیاندن ڕۆڵی خۆی ببینێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و ناکرێت بیانوو بەدەست کەسانێکەوە بدرێت، دۆخی ناوخۆی کوردستان تێک بدەن، هەر تێکدانێک لەبەرژەوەندیی کەس نییە و ناشکرێت ئەم دۆخە بۆ موزایەدەی سیاسی لەسەر یەکتری بەکار بهێنرێت.''
(ئازاد تۆفیق) ئەوەشی خستە ڕوو: ''گرنگە لەسەر حزبەکان پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنن و کار بکەن بۆ پێکەوەژیان.''
هاوکات (بەهزاد زێباری)، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''گرنگە پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی دۆخی ناوخۆی کوردستان چاک بکرێتەوە و ناکرێت هیچ کەسێک ببێتە عامیلی خراپ بۆ تێکدانی ڕەوشەکە و هیچ کەسێکیش ناکرێت لە دەرەوەی یاسا ڕەفتار بکات، چونکە دۆخەکە بە جۆرێکە دەبێ هەموو لایەک بە یەکەوە کار بکەن، نەک سەنگەر لە یەکتری بگرن".''
(بەهزاد زێباری) ئەوەشی خستە ڕوو: ''بەرپرسیاری یەکەم لەم دۆخە ئەو لایەنانەن، کە ئاگری شەڕ خۆش بکەن.''
(زیرەک کەمال)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دۆخی کوردستان لە ئاستێکدایە پێویستی بە هێورکردنەوەی زیاتر هەیە، ئەوەش دەرئەنجامی ئەو ڕووداوانەیە بەسەر کوردستان هاتووە و خەڵکێک هەیە بریندارە و هەندێک شتی پێ قبووڵ ناکرێت، خەڵکیش هەیە بێپارەیە، بۆیە ئەمانە دەبێ هەموو خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و ڕەوشەکە ئارام بکرێتەوە.''
(زیرەک کەمال) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''بەپێچەوانەوە ڕەنگە دۆخێک بێتە ئاراوە، کە دواجار هەموومان زەرەی تێدا دەکەین و کەسیشمان براوە نابێت.''
کارزان سەباح هەورامی




