ڕاوێژکارێکی پێشووی یونامی: حەشدی شەعبی تاوان لە ناوچە کوردستانییەکان دەکات

پاریس-KDP.info- راوێژکاری پێشووی یۆنامی دەڵێت، کردەوەکانی حەشدی شەعبی جیگای قبووڵ نین و پێشێلکاری دژی پێکهاتەکان دەکات، دەبێ بە زووترین کات ئەو جیگایانە چۆڵ بکات.
لە کۆنگرەیەکدا لە شاری پاریس پایتەختی فەرەنسا، کە کۆنگرەیەکی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهان و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ژێر ناوی (لەگەڵمان بن بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی تیرۆر و تاوانە ڕیکخراوەکان) بەڕێوە چوو، نوێنەری ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیهانیش پشکدار بوون و نوێنەری پێکهاتەکانی کوردستان و عێراقیش پشکدارییان کرد، (حەسۆ هورمی)، سەرۆکی دەزگای کوردانی ئێزدی لە هۆڵەندا و نوێنەری کوردانی ئێزدی لەو کۆنگرەیە بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: '' ژمارەیەکی مەزنی کەسایەتییەکانی جیهان و نوێنەری پێکهاتەکان پشکدار بوون، لەوانەش (تاهیر بومدێرا)، بەرپرسی پێشووی مافی مرۆڤ لە شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یۆنامی) و لە هەمان کاتیشدا ڕاوێژکاری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە عێراق لە گۆتارەکەیدا هێمای بەوە کرد ''حەشدی شەعبی هەمان سیناریۆی داعش دووبارە دەکاتەوە و پێشێلکاری بەرامبەر هەموو شتیک دەکات.''
لە شەوی (١٦-١٠-٢٠١٧)ـەوە گرووپە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە هاوکاریی پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم،
(حەسۆ هورمی) گوتیشی: ''(تاهیر بومدێرا) ڕایگەیاند، دەبێ بە زووترین کات حەشد لە ناوچەی پێکهاتەکان دەربکرێن، چونکە کارەسات بەسەر پێکهاتەکاندا دەهێنیت و هیچ جیاوازییەک لە فەرهەنگی داعش و حەشددا نییە، هەردووکیان هەمان هزر و ئایدۆلۆژییان هەیە.''
لەم دواییانەدا چەندین ڕیکخراوی جیهانیش هاتوونەتە سەر هێڵ و هۆشداری دەدەن، کە حەشد لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکات و ماڵەکانیان تاڵان دەکات و خەڵک بەکوشتن دەدات.''
دەسەڵاتی کوردستان زۆر هەوڵی داوە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، کەچی حکوومەتی عێراقی نزیکەی ٦٠ بەندی دەستووری پێشێل کردووە، لە سەرووی هەموشیانەوە دەستی کرد بە بەکارهێنانی هێز لە دژی گەلی کورد، کە بە هێج شێوەیەک دەستوور ڕێگە بەم شتە نادات، حکوومەتێک دژی گەلەکەی هێز بەکار بهێنیت.''
(حەسۆ هورمی) گوتیشی: ''لە کۆتاییی هاتنی کۆنگەرەکەدا ئێمە یادداشتنامەیەکمان دروست کرد، سەبارەت بەوەی کە ئایا چۆن ڕووبەڕووی کردەوەکانی تیرۆریستی بینەوە لە جیهاندا، ئەویش هەموو کەسانی ئەکادیمی و ڕاوێژکارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و نوێنەرانی یەکێتیی ئەوروپا و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان.
پێشتریش ڕێكخراوێكی مەسیحی هۆشداری داوەتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە كوشتوبڕ و هێرش و هەڕەشەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ سەر ناوچەكانیان لە باكوور و ڕۆژئاوای مووسڵ. داوایش دەكات بەپەلە بێنە دەنگ و بەر لە كارەساتێكی گەورەی مرۆیی بگرن، كە خەریكە بەسەر پێكهاتە جیاجیاكانی ئەو ناوچەیەدا دێت.
کــاروان بــاعـــەدری




