٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٥٥ ڕێکخراوی ناحکوومیی پۆڵۆنیا بانگەوازی ڕێگرتن لە کارەساتی مرۆیی لە کوردستان دەکەن

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info- جموجووڵەکانی ئەو دواییەی هێزە سەربازییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر پارێزگای کەرکووك و شنگال و خانەقین، مەترسیی دووبارە دروستبوونی شەپۆلێکی ئاوارەی لێ دەکەوێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی لە ئاستێکی زۆر گەورەدا، بۆیە ٥٥ ڕێکخراوی ناحکوومی بانگەوازی دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا دەکەن بۆ ڕێگرتن لە کارەساتی مرۆیی لە کوردستان.

پەنجاوپێنج ڕێکخراو لە گەورەترین ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی پۆڵۆنیا، پێکەوە بە ناوی ''گرووپی دەرەکی''، بانگەوازێکی تایبەتیان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و ڕای گشتی کرد دەربارەی ''ئەنجامدانی چالاکیی بەپەلە بۆ ڕێگرتن لە گەشەکردنی جموجووڵی سەربازی و کارەساتی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق.'' بانگەوازەکە نێردرا بۆ هەریەك لە سەرۆکوەزیرانی پۆڵۆنیا، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجومەنی پیران، هەروەها سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان.

بانگەوازەکە ئەنجامی چاوپێکەوتن و دیدارەکانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان (زیاد ڕەئووف) لە پۆڵۆنیا و، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ کۆمەڵەی ویللا دێچیوشا (Willa Decjusza) بوو، کە بانگەوازێکی ئامادە کرد، دواتر ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی تری پۆڵۆنیاش هاتنە ناو ئەو دەستپێشخەرییەوە.

ئەمەش دەقی بانگەوازەکەیە بە زمانی کوردی:
ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، کە پێکەوە گرووپێکیان پێک هێناوە بە ناوی ''گرووپی دەرەکی''، دڵتەنگی و ناڕەحەتیی خۆیان دەردەبڕن بۆ پێشهاتی ڕووداوەکانی کوردستان و بانگی حکوومەتی پۆڵۆنیا و پەرلەمان دەکەن، بۆ چالاکیی دەستبەجێ بە مەبەستی ڕێگرتن لە گەشەکردنی جموجووڵی سەربازی و کارەساتی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچە جێناکۆکەکان.

جموجووڵەکانی ئەو دواییەی هێزە سەربازییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر پارێزگای کەرکووك و شنگال و خانەقین مەترسیی دووبارە دروستبوونی شەپۆلێکی ئاوارەی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی کەمپی ئاوارەکان، کە ئەوەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی لە ئاستێکی زۆر گەورەدا.

ئێستا لە کوردستان، لە ٤٣ کامپی ئاوارەکاندا، ملیۆنێك و هەشسەد هەزار ئاوارە هەن، کە لە ساڵی ٢٠١٤ـوە ڕوویان لە کوردستان کردووە. سەرەڕای پەنابەرانی جەنگی سووریا، کریستیانە دەربەدەربووەکانی عێراق و ئێزدییەکان، کە بوونە قوربانیی دەستی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیی داعش، هەروەها ژمارەیەکی زۆری خەڵك، کە لە دەستی تیرۆری داعش ڕایان کردووە بۆ کوردستان. ئێستا وا کوردەکان خۆیان دەبنە ئاوارە.

بۆ پرسیاری سەلامەتیی هەموو هاووڵاتییانی هەرێم و بەردەوامیی حەواندنەوە و پاراستنی کامپی ئاوارەکان، دەبێ کۆمەڵگەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی وەڵامی گونجاو بداتەوە کە ئەوەیە: کوژاندنەوەی ئاگری جەنگ و جموجووڵی سەربازی و سەقامگیرکردنی بارودۆخی ناوخۆ. ئەوەش دەبێتە هۆی دابینکردنی سەلامەتیی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە کامپەکان و، هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان.

بانگەوازی حکوومەت و پەرلەمانی پۆڵۆنیا دەکەین، کە پۆڵۆنیا وەکو ئەندامێکی ئەو وڵاتانەی کە دەتوانن دەستپێشخەری بۆ ئاشتی و ئاسایش  بخەنەڕوو، هەموو هەوڵێك بدات بۆ وەستاندنی جموجووڵە سەربازییەکان لە پێناوی ڕێگرتن لە شەپۆڵی نوێی ئاوارە بوون و بەردەوامیی پاراستنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان.

بانگەوازیش دەکەین بۆ ناردنی هاوکاری بەپەلەی مرۆیی و بەشداریی چالاك لە میکانیزمی نێودەوڵەتیی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکەکان و هاوکاریکردنی ئاوارەکان لەو ناوچانە، هەروەها ئامادەییی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ هاریکاریکردن لە دانانی سیستەمێکی کاریگەری گواستنەوەی هاوکارییەکان، بۆ ئەو کەسانەی کە دوچاری مەترسی بوونەتەوە لە هەرێمەکە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار