حەشدی شەعبی، وێنەگرێکی دەزگای سەتەلایتی کوردستانیان شەھید کرد

داقووق-KDP.info- بەڕێوبەری ئاسایشی داقووق گوتی، ئەم بەیانیی دووشەممەیە، چەکدارانی حەشدی شەعبی لە داقووق وێنەگرێکی دەزگای سەتەلایتی کوردستانیان شەھید کردووە.
(فارووق ئەحمەد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "چەکدارانی حەشدی شەعبی چوونە سەر ماڵی (ئەرکان شەریف) کە وێنەگری دەزگای سەتەلایتی کوردستانە لە داقووق و بە چەقۆ لێیان داوە و شەھیدیان کردووە."
(فارووق ئەحمەد) گوتیشی، حەشدی شەعبی دەستیان بە ئەنجامدانی تاوان کردووە و ماڵی خەڵک تاڵان دەکەن و دەست بەسەر ھەمووشتێکدا دەگرن و دۆخی داقووق زۆر خراپە. هەڵبەت دەست لە هیچ ناپارێزن و ئەوەی بکەوێتە بەر دەستیشیان دەیبەن و تاڵانی دەکەن."
گوتیشی، "لەوەتەی حەشد دەست بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە و، داقووق کە پیشتر تەقینەوەی لێ ئەنجام نەدراوە، کەچی ئێستا شەوانە بۆمبی لێ دەتەقێتەوە، دیاریشە کێ ئەو کارانە دەکات."
بڵند ئیبراھیم




