٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەشتا خێزانی كەركووك ئاوارەی سنووری سۆران بوونە

سەرچاوە: KDP.info


سۆران-KDP.info- دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك، 80 خێزانی كەركووك ئاوارەی سنووری سۆران بوونە و ڕۆژانەش ئەو ژمارەیە ڕوو لەزیاد بوونە،  خەڵكی ناوچەكەش دەرگای ماڵەكانی خۆیان بۆ ئەو خەڵكە واڵا كردووە و بوونەتە میوانی خەڵكی ناوچەكە.

(عەباس ئەمیر)، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی  پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''80 خێزان، كە زیاتر لە 350 كەسن، لە كەركووكەوە ڕوویان لە سۆران كردووە، هیچ ڕێكخراوێكی بیانی، تەنانەت وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیش ئاوڕی لێ نەداونەتەوە و پەیوەندیی ئێمەش وەڵام نادەنەوە، بۆ ئەوەی هاوكاریی خەڵكی ئاوارەبووی ناوچەكە بكەن.''

(ئەمیر) گوتیشی: ''لەبری لایەنە پەیوەندیدارەكان خەڵكی ناوچەكە و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی ناوچەكە كۆمەك و هاوكاریی زۆریان بۆ خەڵكی كەركووك كۆ كردووەتەوە، هەرشتێك كە ئاوارەكان پێویستیان بێت، وەری دەگرن.''

(ئەمیر) ڕوونیشی كردەوە: ''خەڵكی سۆران میواندۆستن، هەموو ئەوانەی كە ڕوویان لە ناوچەكە كردووە، بوونەتە میوان لای خەڵكی ناوچەكە و هیچ لەوانەی ڕوویان لە سنووری سۆران كردووە لە خانووی كرێدا نین و لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە پێكەوە دەژین، ئەگەر خەڵكی دیكەش هەبێت، شوێنمان بۆ ئەوان هەیە.''

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار