پارێزگای ھەولێر: ١٤٠ھەزارکەسی کەرکووکی ئاواره بوون و پێویستیان بەھاوکاری ھەیە

ههولێر-KDP.info- بەڕێوهبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر دهڵێ، تەنیا لەسنووری ھەولێر ١٤٠ھەزارکەسی کەرکووک و دەوروبەری ئاوارەی بوونە و لەشوێنە جیاجیاکانی ھەولێر و دەوربەری نیشتەجێکراون، بەڵام پێویستیان بەھاوکاری ھەیە.
(ھەمزە حامد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "دوای روداوەکانی ١٦ی ئەم مانگە لەکەرکووک و دەوروبەری ١٤٠ھەزار کەس ئاوارەی شاری ھەولێر بوونە و ئێمەش لە ھەولێر و دەوروبەری تادەگاتە شەقڵاوە شوێنمان بۆ کردوونەتەوە و بەشێکیان لهلای خزمهكانی خۆیانن و بەشێکیشیان لەئۆتێلەکانن و بەشێکیشیان لەھەندێک پڕۆژەدان و پێداویستی سەرەکیشیان لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی و ھەندێک رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و مانگی سووری نێودەوڵەتی بۆیان دابین کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەھاتۆتە سەرخەت."
(حامد) گوتیشی، "چاوەڕێی ئهوه دەکەین نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی دیکەی نێودەوڵەتیش بێنە سەرخەت، لەبەر ئەوەی ئەو ئاوارانە پێویستیان بەھاوکاری ھەیە، چونکە ژمارەی ئاوارەکان زۆرە.
بڵند ئیبراھیم




