کەرکووکی: حەشد زوڵمێکی گەورەیان لەتورکمانەکان کردووە.. ناتوانین لەژێردەسهڵاتی شیعەدا بژین

ههولێر-KDP.info- سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی لەکەرکووک گوتی، حەشدی شەعبی زوڵمێکی گەورەیان لەتورکمانەکانی کەرکووک کردووە و ماڵ و حاڵ و بارەگاکانیان ھەمووی تەقاندۆتەوە و خەڵکەکەشی ئاوارە بوونە و بەرە ودەرەوەی وڵات ڕادەکەن، ههر بۆیە داوامان لەتورکیا کردووە ھەڵوێستیان ھەبێت، چونکە لەعێراق دەوڵەت نیە و ئێران کاری پێدەکات.
(عیرفان کەرکووکی) سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "دۆخی کەرکووک زۆر خراپە و ئێمەش تەماشای دۆخەکە دەکەین تا بزانین ئەنجامی ئەو دەستپێشخەریەی ھەرێمی کوردستان چی دەبێت کە داوای کردووە گفتوگۆ لەنێوان ھەرێم و بەغدا دەستپێبکات، بەڵام من عێراق بەدەوڵەت ھەژمار ناکەم و وڵاتێکی وەکو ئێران کاری پێدەکات چی بکات و چی نەکات."
(کەرکووکی) گوتیشی، "لەئێستادا سوننەتورکمانەکانی کەرکووک و دەوروبەری لەژێر ڕەحمەتی مەزلومیەتی تائیفەگەری شیعەدایە و شیعەکان ھاتوون تائیفەگەری بڵاو دەکەنەوە كه ئەمەش قابیلی قبوڵ كردن نییە، چونکە زوڵمی زۆر لەئێمەش وەکو تورکمانەکانی سوننی کراوە، ماڵەکانمان و بارەگاکانمان ھەمووی تاڵانکراوە و سوتێندراوە، لەوانە ماڵی من و منداڵەکانم و ئەندام و لایەنگرانی ئێمە."
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی لە کەرکووک دهشڵێ، "ئێمە داوامان لەتورکیا و ئاگپارتی و بەرپرسانی تورکیا کردووە ھەڵوێستیان ھەبێت لەبەرامبەر ئەو زوڵمەی لەئێمە دەکرێت وەکو تورکمانی سوننی لە کەرکووک، چونکە ئێمە تاڵان کراوین و ماڵەکانمان سوتێندراون و خەڵکەکەشی ئاوارە بووە و بەشێکی زۆریش ڕادەکەن بەرەو دەرەوەی وڵات، چونکە ناتوانن لەژێردەسهڵاتی شیعەکانەوە بژین."
بڵند ئیبراھیم




