٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

55 ڕێکخراوی ناحکومی، داوا له‌ دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا دەکەن ڕێ لە کارەساتی مرۆیی لە کوردستان بگرن

سەرچاوە: KDP.info

 

وارشۆ-KDP.info-  پەنجاوپێنج لە گەورەترین ڕێکخراوی ناحکومی له‌ پۆڵۆنیا، کە پێکەوە و بە ناوی "گرووپی دەرەکی"، بانگەوازێکی تایبەتیان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و ڕای گشتی کرد دەربارەی "ئەنجامدانی چالاکیی بەپەلە بۆ ڕێگرتن لە گەشەکردنی جموجۆڵی سەربازی و کارەساتی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق.

بانگەوازەکەی ئه‌و گرووپه‌، نێردرا بۆ هەریەك لە سەرۆکوەزیرانی پۆڵۆنیا، سەرۆکی پەڕلەمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران، هەروەها سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنوسان.
بانگەوازەکە ئەنجامی چاوپێکەوتن و دیدارەکانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان (زیاد ڕەئوف)ە لە پۆڵۆنیا، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ کۆمەڵەی ڤیللا دێچیوشا Willa Decjusza، کە بانگەوازێکی ئامادە کرد، دواتریش ڕێکخراوە ناحکومییەکانی تری پۆڵۆنیایش هاتنە ناو ئەو دەستپێشخەرییە.

ئەوەش دەقی بانگەوازەکەیە:
ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە پێکەوە گرووپێکیان پێکهێناوە بە ناوی "گرووپی دەرەکی"، دڵتەنگی و ناڕەحەتیی خۆیان دەردەبڕن بۆ پێشهاتی ڕووداوەکانی کوردستان و بانگی حکوومەتی پۆڵۆنیا و پەڕلەمان دەکەن، بۆ چالاکیی دەستبەجێ بە مەبەستی ڕێگرتن لە گەشەکردنی جموجۆڵی سەربازی و کارەساتی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق و ناوچە جێناکۆکەکان.

جموجۆڵەکانی ئەو دواییەی هێزە سەربازییەکانی عێڕاق و حەشدی شەعبی بۆ سەر پارێزگای کەرکووك و شنگال و خانەقین، مەترسیی دووبارە دروستبوونی شەپۆلێکی ئاوارەی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی کامپی ئاوارەکان، کە ئەوەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی لە ئاستێکی زۆر گەورەدا.

ئێستا لە کوردستان، لە 13 کامپی ئاوارەکان، ملیۆنێك و هەشسەد هەزار ئاوارە هەن کە لە ساڵی 2014  و ڕوویان لە کوردستان کردووە. ئەوانەش ئاوارەی جەنگن لە سووریا، کریستیانە دەربەدەربووەکانی عێڕاق، ئێزدییەکان کە بوونە قوربانیی دەستی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، هەروەها ژمارەیەکی زۆری خەڵك کە لە دەستی تیرۆری داعش ڕایان کردووە بۆ کوردستان. ئێستا وا کوردەکان خۆیان دەبنە ئاوارە.

بۆ پرسیاری سەلامەتیی هەموو هاوڵاتییانی هەرێم و بەردەوامیی حەواندنەوە و پاراستنی کامپی ئاوارەکان، دەبێت کۆمەڵگای پشتیوانیی نێودەوڵەتی وەڵامی گونجاو بداتەوە کە ئەوەیە: کوژاندنەوەی ئاگری جەنگ و جموجۆڵی سەربازی و سەقامگیرکردنی بارودۆخی ناوخۆ. ئەوەش دەبێتە هۆی دابینکردنی سەلامەتیی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە کامپەکان و هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان.

بانگەوازی حکوومەت و پەڕلەمانی پۆڵۆنیا دەکەین، کە پۆڵۆنیا وەکو ئەندامێکی ئەو وڵاتانەی کە دەتوانن دەستپێشخەری بۆ ئاشتی و ئاساییش  بخەنەڕوو، هەموو هەولێك بدات بۆ وەستاندنی جموجۆڵە سەربازییەکان لە پێناوی ڕێگرتن لە شەپۆڵی نوێی ئاوارەبوون و بەردەوامی پاراستنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها بانگەوازی دەکەین بۆ ناردنی هاوکاری بە پەلەی مرۆیی و بەشداریی چالاكانه‌ لە میکانیزمی نێودەوڵەتی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکەکان و هاوکاریکردنی ئاوارەکان لەو ناوچانە، هەروەها ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ هاریکاریکردن لە دانانی سیستەمێکی کاریگەری گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە دووچاری مەترسی بوونەتەوە لە هەرێمەکە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار