٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كرمانج عەبدوڵڵا: پێشمەرگە لە مەخموور گورزی گەورەی لە حەشد وەشاند

سەرچاوە: KDP.info


مەخموور-KDP.info- لە ھێرشی ئەمڕۆی ھێزەکانی پێشمەرگەدا بۆ سەر حەشدی شەعبی، پێشمەرگە توانی بگاتە نێو سەنتەری مەخموور و گورزی گەورەی لە حەشدەکانی نێو مەخموور وەشاند، بەرپرسی لقی پارتیش لە مەخموور دەڵێت، پلانەکەی پێشمەرگە ئەوە نەبووە لە نێو مەخمووردا بمێنێتەوە، تەنیا ویستمان بگەینە نێو سەنتەری شار و دەستی خۆمان لە حەشد بوەشێنین.

(کرمانج عەبدوڵڵا)، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە میحوەری مەخموور تەقەیان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە کردووە، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە وەڵامی تەقەکانی حەشدی دایەوە و دواتر پێشمەرگە پلانی دانا بۆ ئەوەی دەستی خۆیان لەو میلشیایانە بوەشێنن و ھێرشیان کردە سەر چەکدارانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە توانی پێشڕەوی بکات بۆ نێو سەنتەری قەزای مەخموور تا گەیشتنە شەقامی بەردەم قایمقامیەتی قەزای مەخموور.''

بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخموور گوتی: ''پێشمەرگە پلانی نەبووە لە نێو مەخمووردا بمێنێتەوە، تەنیا ویستمان دەستی خۆمانیان لێ بوەشێنین و بزانن ھێزی پێشمەرگە ئەگەر بیەوێت دەتوانێ لە نێو مەخمووریش ھێرش بکاتە سەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی، لەبەر ئەوەش، دوای گەیشتنی پێشمەرگە بۆ نێو سەنتەری مەخموور و لێدانی گورزی کۆشندە لە دوژمن بەرەو سەنگەرەکانی خۆیان گەڕانەوە. ئێستا شەڕ وەستاوە و ھیچ تەقەیەک نەماوە لە میحوەری مەخموور.''

دەربارەی زیانەکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان لە ھێرشەکەی ئەمڕۆی مەخمووردا، (کرمانج عەبدوڵڵا) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''قەبارەی زیانەکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان نازانرێت، بەڵام خۆم بەشداریم کرد لە ھێرشەکەی پێشمەرگە و توانیمان گورزێک لە حەشدەکانی نێو مەخموور بدەین و ژمارەیەک چەکدارمان لێ کوشتن و زیانی ماددیی زۆریشیان ھەبووە، چونکە حەشد چەند بارەگایەکی لە نێو مەخمووردا ھەیە و ئەمڕۆ کەوتنە بەر ھێرشی مەردانەی پێشمەرگە.''

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار