ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا باس له "گۆڕانكاریی گه‌وره" له یارییه‌كه‌دا ده‌كات

هەولێر-KDP.info- حكوومه‌تی عێراق زۆر به خێرایی و به نه‌رێنی، وه‌ڵامی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستان له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر دایه‌وه. ئه‌و وه‌ڵامه، بۆ سیاسییه كورده‌كان چاوه‌ڕاوننكراو بوو و ئێستاەش شاره‌زایانی سیاسی و سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا، باس له كاردانه‌وه‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن.
به‌ره‌به‌یانیی دوێنێ (چوارشه‌ممه)، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كی سێ خاڵیدا كه ئاراسته‌ی حكوومه‌تی به‌غدا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردبوو، ئاماده‌ییی خۆی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ ده‌ربڕی و ته‌نانه‌ت ئه‌نجامی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستانی "سڕ" كرد. ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا له ده‌وری مێزێك كۆ ببنه‌وه.
(حه‌یده‌ر عه‌بادی) سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كه له‌و حه‌فته‌یه‌دا زۆرترین سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی هه‌بووه، له تارانی پایته‌ختی ئێران، ئاشكرای كرد "ته‌نیا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆم و پابه‌ندبوون به ده‌ستوور" ئاماده‌ی دانوستانن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
تۆپه‌كه له گۆڕه‌پانی به‌غدادایه
ئه‌وه له كاتێكدایه كه وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا و فه‌ڕه‌نسا زۆر به‌خێرایی هاتنه سه‌ر خه‌ت و پێشوازییان له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد. ئه‌و دوو وڵاته، داوایان كرد كه به‌غدا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی هه‌ولێر قبووڵ بكات و شه‌ڕ رابگرێت.
شاره‌زایان و سیاسه‌تمه‌دارانی كورد، پێیان وایه به هیچ شێوه‌یه‌ك هێرشی سوپای عێراق و حه‌شدی‌شه‌عبی پێوه‌ندی به ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نه‌بووه و وه‌ك پاڵپشتی بۆ قسه‌كانیان، باس له هێرشه‌كه‌ی ساڵی 2012 ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن هێزی دیجله‌وه بۆ كه‌ركووك و مامەڵەی حەشد لە خورماتوو و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری.
ئه‌و بۆچوونه زۆر به روونی له‌لایه‌ن (ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی) گوته‌بێژی حه‌شدی‌شه‌عبییه‌وه پشتڕاست كراوه‌ته‌وه. (ئه‌سه‌دی) له لێدوانێكی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاندبوو كه "هێرشی 16ـی ئه‌م مانگه بۆ سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری، پێوه‌ندی به ریفراندۆمه‌وه نه‌بووه، به‌ڵكوو ده‌بووایه ئه‌و ناوچانه به ته‌واوی له ژێر ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا بن".
(عادل نووری) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، پێی وایه، حكوومه‌تی به‌غدا "نایه‌وێ" له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دانوستان بكات. ئه‌و به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی چه‌ندین وڵاتی كردووه و ئاماده‌یه هه‌موو شتێك بفرۆشی بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌سته‌ڵاتدا بمێنێته‌وه. (عه‌بادی) سه‌ردانی هه‌موو وڵاتان ده‌كات، به‌ڵام ئاماده نییه بێته هه‌ولێر و كێشه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ئێمه چاره‌سه‌ر بكات".
ئێستا حه‌شدی‌شه‌عبی و سوپای عێراق له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم جێگیر بوونه، گه‌شته ئاسمانییه‌كانی فڕگه‌ی نێودەوڵەتیی هه‌ولێر و سلێمانی به فه‌رمانی حكوومه‌تی به‌غدا راگیراون و (عه‌بادی) ته‌واو هه‌وڵی خۆی ده‌دات، خاڵه سنوورییه‌كانی كوردستانی بكه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی و به ته‌واوی هێڵی بۆریی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا، له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بێت.
(عادل نووری) له‌باره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌ڵێ، "به‌غدا ته‌نیا به سڕكردنی ئه‌نجامی ریفراندۆمی كوردستان رازی نابێت، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێ به ته‌واوی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه".
وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێ، به‌غدا داوای شتێكی مه‌حاڵ ده‌كات، چونكه ریفراندۆم و ئه‌نجامه‌كه‌ی چوونه ناو مێژوو و ته‌نیا رێگه‌ی ئه‌وه‌یه، كه جارێكی دیكه خه‌ڵك به‌شداری له ریفراندۆمێكدا بكه‌ن و له‌وێدا، داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بكه‌ن.
گۆڕانكاری له هاوكێشه‌كاندا
سه‌ره‌ڕای ده‌ستپێشخه‌رییه‌كەی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، (حه‌یده‌ر عه‌بادی) هه‌وڵی ته‌واوی خۆی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی زیاترین ئابڵۆقه بخاته سه‌ر كوردستان. ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا له لێدوانه‌كه‌ی دوێنێ و ئه‌مڕۆی خۆیاندا داوایان كردووه، به‌غدا به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه رازی بێت و مافه ده‌ستوورییه‌كانی كوردستانیش پارێزراو بن.
ئه‌و ئاگاداركردنه‌وه نێوده‌وڵه‌وتیانه، (حه‌یده‌ر عه‌بادی) به ئاگا نه‌هێنایه‌وه و ئەم به‌یانیی (پێنجشه‌ممه)یە، سوپای عێراق و حه‌شدی‌شه‌عبی له چه‌ند میحوه‌رێكه‌وه هێرشیان بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه كرد، به‌ڵام له هه‌موویان تووشی شكست و پاشه‌كشه بوون.
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای ده‌كات كه "هێزه‌كانی سوپای قودسی ئێران" و "حزبوڵڵای لوبنان"، له هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆی سوپای عێراق و حه‌شدی‌شه‌عبی بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه به‌شدار بوونه.
هه‌ژموونی حه‌شدی‌شه‌عبی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق و سوپاكه‌یه‌وه، به‌شێك له به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكای نیگه‌ران كردووه. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به روونی و روو له سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، جه‌ختی كرده‌وه، كه چه‌كداره بیانییه‌كان ده‌بێ عێراق به‌جێ بێڵن.
مه‌به‌ستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانه. له چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌رپرسانی باڵای ئێران ئاشكرایان كرد كه به فه‌رمانی (عه‌لی خامنه‌یی) رێبه‌ری وڵاته‌كه‌یان، "پیلانی دامه‌زراندنی ئیسرائیلی دووه‌میان شكست پێهێناوه". مه‌به‌ست له "ئیسرائیلی دووه‌م" كه به‌رپرسانی ئێران به كاری دێنن، ده‌وڵه‌تی كوردستانه.
(سه‌ڵاح بایەزیدی) ئه‌ندامی ناوه‌ندێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاییە، له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاوه باس له "گۆڕانگاریی گه‌وره له یارییه‌كه‌دا" ده‌كات.
ئه‌و، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "به وته‌ی شاره‌زایانی سه‌ربازی و سیاسیی ئه‌مه‌ریكایی، ئێستا بۆ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا روون بووه‌ته‌وه كه (عه‌بادی) ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هێزه‌كانی سوپای قودسی ئێران‌دا نییه و له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامیی هێرشه‌كانی حه‌شدی‌شه‌عبی بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه، رووبه‌ڕووی كاردانه‌وه‌ی تووندی ئه‌مه‌ریكا ده‌بنه‌وه. به وته‌ی ئه‌وان، یارییه‌كه به ته‌واوی گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت".
دوێنێیش (چوارشه‌ممه)، سیناتۆر (جۆن مه‌ككین) هۆشداریی له نفوزی ئێران و سوپاكه‌ی له عێراق دابوو و جه‌ختی كردبووه‌وه، كه "كورد هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكان و ئه‌گه‌ر له نێوان پێشمه‌رگه و حه‌شدی‌شه‌عبیدا هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئه‌وا بێ دوودڵی پێشمه‌رگه هه‌ڵده‌بژێرن".
كاوه جه‌م




