٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شرۆڤەکارێکی سیاسی: شەڕەکەی پردێ باڵانسی ھێزی گۆڕی و وڵاتانی جیھان بەو نەبەردیە ھاتنە دەنگ

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-  شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، لە دوای شەڕەکەی پردێ ھەڵوێستی وڵاتان بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە و دەشڵێت، پێشمەرگە ھەمان ئەو ھێزەیە کە داعشی شکاند و بەرەنگاری گەورەترین گرووپی تیرۆریستی بووەوە.

(د. محەمەد بازیانی)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەمان ئەو ھێزەیە کە بەرەنگاری دڕەندەتری گرووپی تیرۆرستیی جیھان بووەوە، ئەویش داعشە، ھەر ھەڕەشەیەکی دیکە بێتە سەر ھەرێمی کوردستان بە ھەمان بیر و باوەڕ پێشمەرگە ئامادەیە بەرگری لە خاکی کوردستان بکات، ئەگەر بە ھۆی تاکتیکی سیاسی و دەستی نێوخۆیی نەبوایە، ئەوەی کەرکووکیش ڕووی نەدەدا، چونکە خۆم کاتی ھێرشەکەی سەر شاری کەرکووک لەوێ ئامادە بووم و بینیم پێشمەرگە چۆن ھێزێکە بەرامبەر بە دوژمن سەنگەری داناوە، بەداخەوە بە ھۆی ھەڵە و تاکتیکی نێوخۆیی پێشمەرگە لە ھەندێ ناوچە پاشەکشەی کرد، ئەگەرنا پێشمەرگە ئەو ھێزە نییە بەرامبەر دوژمن پاشەکشە بکات، ڕاستە لە نێو ھەموو سوپاکانی جیھان شکست و سەرکەوتن ھەیە، بەڵام ئەوەی ڕووی دا شتێکی ئامادەکراو بوو.''

لە ھێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پردێ و دوێنێ لە مەخموور و تلسقۆف و مەحموودیە، پێشمەرگە توانی شکست بە پیلانی داگیرکردنی کوردستان بێنێت لە لایەن حەشدی شەعبیەوە و دەیان چەکداری لێ کوشتن و ژمارەیەک ئۆتۆمبێڵی پێشکەتووی سەربازیشی لەنێو بردن، ئەو شرۆڤە کارە سیاستیە دەڵێ: ''سوپای عێراق لە کاتی ھێرشی داعش ھەمان چەک و تەقەمەنیی ئێستای ھەبوو، بەڵام نەیتوانی خۆی بەرامبەر بە تیرۆریستان ڕابگرێت و ئێستاش ھەمان چەکی ھەیە، کەچی لەو باوەڕەدا نیم، بتوانێت بەرەنگاری پێشمەرگە ببێتەوە، چونکە پێشمەرگە بیر و باوەڕێکی زۆر بەھێزی ھەیە و پێم وایە ئەو متمانە بەخۆبوونەی پێشمەرگە زۆر زیاترە لەو چەکانەی بەرامبەرەکەی بەکاریان دێنێت، بینیم لە کەرکووک و شەڕی داعش پێشمەرگە ئامادەی بەرگریکردنە، ھەتا خۆبەخشەکان بوونەتە پێشمەرگە و ئێستاش ٢٠٠ ھاووڵاتیی کوردی خۆبەخش لە کەرکووک ماون و ئەگەر دەرفەت ھەبێت دەستی خۆیان دەوەشێنن.''

پەیوەست بە سەرکەوتنەکانی دوێنێ و شەڕەکەی پردێ، کە تێیدا پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد، دکتۆر (محەمەد بازیانی) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''شەڕی پردێ زیاتر ئومێدی بۆ ھەرێمی کوردستان گەڕاندەوە و دەریشکەوت پێشمەرگە چ گورزێکی لە حەشدی شەعبی وەشاند، کە نموونەی ئەو شەڕانە زۆر کەمن، ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان تەمەننای شەڕ ناکەین و ھەموو کاتیش ئامادەین بۆ دانوستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ھێرش بکرێتە سەر کوردستان، ئەوە پێشمەرگە بەو بیر و باوەڕە وئەو  چەکە پێشکەوتووەی ھەیەتی دەتوانێت شکست بە ھەر ھێرشێک بێنێت، من دەمەوێ ئەو زانیارییە بدەم بە خەڵکی کوردستان دوای شەڕەکەی پردێ ھەڵوێستی نێودەوڵەتی و زلھێزەکانی جیھان زۆر گۆڕاوە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، نەبەردییەکەی پردێ ھەرێمی کوردستانی بردە قۆناغێکی دیکەوە.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار