كه‌نیسه‌كان له‌باره‌ی دۆخی كوردستانه‌وه هۆشداریی ده‌ده‌نه دۆناڵد ترامپ

هەولێر-KDP.info- كه‌نیسه و گه‌وره‌قه‌شه‌كان، (دۆناڵد ترامپ) سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایان له بارودۆخی كوردستان و مه‌سیحییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئاگادار كردووه‌ته‌وه. له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا به هۆی بۆردوومانه‌كانی حه‌شدی‌شه‌عبی و سوپای عێراقەوە، نزیك به 800 بنه‌ماڵەی مه‌سیحی، شارۆچكه‌ی ته‌لسقۆفیان چۆڵ كردووه.
هێزه‌كانی حه‌شدی‌شه‌عبی، سوپای عێراق و فیرقه‌ی زه‌هه‌بی، ماوه‌ی دوو رۆژه ناوچه مه‌سیحییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا بۆردوومان ده‌كه‌ن و، به هۆیه‌وه ئه‌و شارۆچكه‌یه ئێستا چۆڵ كراوه. دوای ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه شارۆچكه‌ی ته‌لقسۆف له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشی ده‌رهێنا، هه‌زار و 200 خێزان بۆ زێدی خۆیان گه‌ڕانه‌وه، به‌ڵام دیسان نزیكه‌ی 800 خێزانی مه‌سیحی به هۆی هێرشه‌كانی حه‌شدی‌شه‌عبییه‌وه، ئاواره‌ی ئه‌لقۆش بوونه.
(خالید ئه‌لبێرت) به‌رپرسی كاروباری مه‌سیحییه‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، كه سوپای عێراق، حه‌شدی‌شه‌عبی و فیرقه‌ی زه‌هه‌بی به "چاوساغی"ـی كه‌سێك به ناوی (شێخ ره‌یان كلدانی) دوو رۆژ پێشتر هاتوونه‌ته ناوچه‌كه و ئێستایش بۆردوومانی ده‌كه‌ن.
(خالید ئه‌لبێرت) به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "ئێمه حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا و هه‌ولێرمان له دۆخی مه‌سیحییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئاگادار كردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و سیناتۆرانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه سه‌ردانیان كردووین و له‌گه‌ڵ كه‌نیسه‌كان له‌سه‌ر هێڵین و، ئه‌وانیش ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌یان له دۆخی مه‌سیحییه‌كان و كوردستان ئاگادار كردووه‌ته‌وه".
بەگوێرەی زانیارییه‌كانی (خالید ئه‌لبێرت)، رۆژی یه‌كشه‌ممەی رابردوو، قه‌شه (فرانكلین بلی گراهام) له‌گه‌ڵ (دۆنالد ترامپ) سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی مه‌سیحییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و هه‌رێمی كوردستانه‌وه قسه‌یان كردووه.
(فرانكلین بلی گراهام) یه‌كێک له گه‌وره‌ترین قشه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه و كاتێك (ترامپ) بووه‌ته سه‌رۆك، نوێژی له‌سه‌ر خوێندووه.
مه‌سیحییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، به‌شدارییان له پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستاندا كرد و ده‌نگی "به‌ڵێ"ـیش له‌و ناوچانه زۆر بوون. ئه‌وان، داوای هه‌رێمێك به ناوی ده‌شتی نه‌ینه‌واوە ده‌كه‌ن كه خۆیان تێیدا ده‌سته‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه بێت و كاروباره‌كانیان رایی بكه‌ن.
ئێستا له‌گه‌ڵ هاتنی حه‌شدی‌شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه، دۆخه‌كه گۆڕاوه. نزیك به 300 هه‌زار مه‌سیحی له‌و ناوچه‌یه نیشته‌جێن، به‌ڵام وه‌ك (خالید ئه‌لبێرت) جه‌ختی لێ ده‌كاته‌وه، "ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، زۆربه‌ی مه‌سیحییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچ ده‌كه‌ن".
ئه‌و ده‌ڵێ، "ئێستا كه‌نیسه‌كان چاوه‌ڕێی یه‌كلابوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ن و دواتر له‌وباره‌یه‌وه قسه له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر ده‌كه‌ن. ته‌وه‌ره‌ی قسه‌كانیش، دۆخی مه‌سیحییه‌كان و پاشەڕۆژی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ده‌بێت".
دوای به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم و ده‌ركه‌وتنی ده‌ره‌نجامه‌كانی، له به‌ره‌به‌یانی رۆژی 16ـی ئه‌م مانگه، حه‌شدی‌شه‌عبی به هاوكاریی سوپای عێراق، هێرشیان بۆ سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد و ئێستا به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانانه‌یان له ژێر ده‌ستدایه.
رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه حه‌شدی‌شه‌عبی له‌و ناوچانانه كۆمه‌ڵێك تاوانی كردووه و له‌وانه كوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل، سووتاندن و خاپووركردنی ماڵ و باڵاخانە و دزی.
هاوكات (دیندار زێباری) رێكخه‌ری كاروباری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی كرده‌وه كه تا ئێستا 600 هاووڵاتیی سڤیل به ده‌ستی چه‌كدارانی حه‌شدی‌شه‌عبی كوژراون و ئه‌وه‌یشی به "تاوانی جه‌نگ" ناو برد.
كاوه جه‌م





