فراکسیۆنی پارتی: ناکرێت ئەنجومەنی پارێزگا بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەت لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکات

سلێمانی-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، کە هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک بۆی نییە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات.
لە کۆبونەوەی نائاساییی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا بڕیار درا، داوا لە حکوومەت بکرێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عیراق بکرێت. (زیاد کاکە ڕەزا)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمڕۆ بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی واژۆمان کرد بۆ ئەوەی حکوومەت داواکاریی پارێزگای سلێمانی جێبەجێ بکات، من لەگەڵ ئەوە نەبووم ماوە بۆ حکوومەت دیاری بکرێت، تا داواکارییەکان جێبەجێ بکرێت، بۆیە کە واژۆم کرد، نووسیم بەبێ دیاریکردنی ماوە، چونکە ئەوە کاری ئەنجوومەن نییە ماوە بۆ حکوومەت دابنێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: ''هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، ئەمەش بە ڕاشکاوانە بە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتراوە، لە کوردستان حزبی سیاسی هەیە، سەرکردایەتیی سیاسی هەیە، ناکرێت لەسەر ئەوانەوە باز بدرێت و بچنە بەغدا.''
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2017 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەی نائاساییی خۆی ئەنجام دا و تێیدا لەسەر چەند خاڵێکی دیاریکراو کۆبوونەوەکە بەڕێوە چوو، ئەوانیش (مووچەی فەرمانبەران، بوودجە، نەوتی سپی، ئاوارەکان و یەکڕیزیی نیشتیمانی).
کارزان سەباح هەورامی




