حەیدەر شەشۆ: هێزی پاراستنی ئێزدیخان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە
__2017_10_24_h14m47s16__ER.jpg)
شنگال-KDP.info- فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان دەڵێت، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە کە گوایە سەر بە هێزی حەشدی شەعبینە و ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە.
لەم دواییانەدا هەندێک میدیای چەواشەکاری هەندێک لایەن کە بانگەشە بۆ حەشدی شەعبی دەکەن، ڕایانگەیاند، گوایە هێزی پاراستنی ئێزدیخان چووەتە سەر حەشدی شەعبی. دەربارەی ئەمەش، (حەیدەر شەشۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ''هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە، کە گوایە ئێمە خراینە سەر حەشدی شەعبی، ئەمە بە هەموو شێوەیەک دوورە لە ڕاستییەوە، ئێمە لە شنگال نەمانویست ئێزدیانی نێو هێزەکانی پێشمەرگە و حەشد بە کوشتن بدەین و ئێمە کۆ بووینەوەیە لە شنگال مەبەستمان ئەوە بوو بە هیچ شێوەیەک کارەساتێک لە نێوان ئێزدییەکاندا ڕوو نەدات و ئێزدی بە دەستی ئێزدییان نەکوژرێت، چونکە ئێستا ئیزدییان برینیان قووڵە و بەرگەی هێچ شەڕ و کارەساتێکی دیکە ناگرن و ئێمە دەمانەویست بە شێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەگەر هەندێک ئەمانە بکەنە بەهانە، کە گوایە هێزی پاراستنی ئێزدیخان خیانەتی کردووە، ئەوا من شانازی بەو خیانەتە دەکەم، ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمی هاتنی حەشدی شەعبییەوە سەنگەرمان بەجێ نەهێشتووە و ناوچەکانمان ڕادەستی حەشد نەکردووە.''
فەرماندەی هێزی پاراستی ئێزدیخان گوتی: ''ئێمە بە فەرمانی (سەرۆک بارزانی) خراینە سەر وەزاتی پێشمەرگە و هەموو کار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێ دەکەین. ڕاستە ئێمە ئاڵای تایبەت و ناوی تایبەتی خۆمان هەیە، بەڵام ئێمە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەین و بەرگری لە ئاخی شنگال و ئێزدییان دەکەین، لە هەموو جۆرە داگیرکارییەک.''
فەرماندەی هێزی پاراستی ئێزدیخان گوتیشی: ''ئێستا ١٠٠٠ شەرڤانی ئەم هێزە بەفەرمی لەسەر وەزارەتن و چاوەڕوانی وەزارەتین کەسانی دیکەش بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە هێزەکەمان لە ٧٠٠٠ شەرڤان پێک دێت.''
کـــاروان بـاعــەدری




