ڕاگەیێندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

هەولێر-KDP.info- ئاماژە بەوەی کە هێزەکانی حەشدیشەعبی گوێ بەهیچ جۆرە ڕێککەوتنێک بۆ دیاریکردنی هێڵی تەماس نادەن، وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێ، ڕەفتارەی میلیشیاکانی حەشد و هێزەکانی عێراقی بەهیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و پێشمەرگە بە هەموو توانایەک بەرگری لە خاکی کوردستان و ژیان و کەرامەتی خەڵک دەکات.
دەقی ڕاگەیێندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
دوای ڕووداوەکانی پارێزگای کەرکووک و پێشڕەوییەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق لە سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان، وەک دیارە ئەو هێزانە گوێ بەهیچ جۆرە ڕێککەوتنێک بۆ دیاریکردنی هێڵی تەماس نادەن و لە جموجۆڵەکانی خۆیان و کۆکردنەوەی هێز لەو ناوچانە بەردەوامن.
ئەم جموجۆڵەی هێزەکانی حەشد و پێداگرییان بۆ پێشڕەوی و ڕێزنەگرتن لە ڕێککەوتنەکان، ئاماژەیەکی ڕوونە کە نیازێکی خراپیان هەیە و دەیانەوێ کەرامەت و شکۆی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن. بۆیە بۆ هەموو لایەک دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم ڕەفتارەی میلیشیاکانی حەشد و هێزەکانی عێراقی بەهیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و پێشمەرگە بە هەموو توانایەک بەرگری لە خاکی کوردستان و ژیان و کەرامەتی خەڵک دەکات.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
٢٤ـی١٠ـی٢٠١٧




