٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جۆن بۆڵتۆن: دەبێ واشنتۆن ددان بە سەربەخۆیی کورددا بنێت

سەرچاوە: KDP.info

 

ئەمریکا-KDP.info-  باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دەبێ ئەمریکا دان بە سەربەخۆیی کورددا بنێت و بە زووترین کات پێداویستیی ڕاهێنان و کەلوپەلی سەربازییان بۆ دەستەبەر بکات.

(جۆن بۆڵتۆن) باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بابەتیکدا کە لە سایتی "زە هێل" بڵاو بووەتەوە، باس لەوە دەکات سیاسەتی (باراک ئۆباما) سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بووە هۆی دواکەوتنی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئێران پێشی ئەمریکا کەوتەوە.
هەر لەو بابەتەدا (بۆڵتۆن) ئاماژە بە ڕزگارکردنی شاری ڕەققە لە سووریا دەکات وەک پایتەختی خەلافەتی داعش، لەو بارەیەوە ئەوەی بە سەرکەوتنێکی سیاسی و سەربازی دانا کە دەکرا زووتر ڕوویدابا، بەڵام لەهەمان کاتدا تیرۆریزم جیهانی هەڕەشەکانی ماوە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا.

(بۆڵتۆن) دەڵێت، لە کاتێکدا داعش ڕەققەی لە دەست دا، هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعەکان هێرشیان کردە سەر کەرکووک و دەوروبەری کە لە ساڵی ٢٠١٤وە بە دەست کوردەوەیە. شەڕی ڕەققە و شەڕی ئەم دواییەی کەرکووک، هەڵەکانی ئەمریکا زیاتر دەردەخات کە لە ئەنجامی پشتیوانینەکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد هاتە ئاراوە. هەر دوو شەڕی ڕەققە و کەرکووک کە پەیوەندییان پێکەوە هەیە ئەوە دەردەخات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەک لە مێژوودا وابووە، گرووپی چەندلایەنە و کێشەی فرە ڕەهەند جێگەی یەکدی دەگرنەوە و کێشەدروستکەری زیاترە لەو لایەنانەی کە بونیادنەری ئاشتین لە ناوچەکە.

باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەر لە بابەتەکەیدا دەڵێت، ئەوەی گرینگە بۆ واشنتۆن ئەوەیە کە تێبگات تاران لە سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکە بەردەوامە و ئەوەش بێسەروبەرەیی سیاسەتی ئەمریکا نیشان دەدات. ئێستا لە کاتیکدا سەرۆک (ترامپ) لێدوانی ڕاستی داوە لەسەر ئێران کە تیرۆریزم بڵاو دەکاتەوە و شەڕانگێزە، لەهەمان کاتدا ستراتیژی نییە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە کە ئەوەش بۆ بیرۆکراسییەتی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. چونکە ئەوە جێی پرسیارە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا نەیتوانیوە سیاسەتەکانی خۆی هەموار بکات و گۆڕانکارییان تێدا ئەنجام بدات.
ڕەخنەش لە حکوومەتی واشنتۆن دەگرێت کە نەیتوانیوە واز لە سیاسەتی (ئۆباما) بهێنێت کە پشتبەستن بووە بە هێزەکانی سوپای عێراق و میلیشیاکان کە لەبەردەستی ئێراندایە.

(جۆن بۆڵتۆن) پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە دەبوایە لەلایەن حکوومەتی ئەمریکا گوشار بخرایەتە سەر وڵاتە عەرەبییەکانی وەک میسر و سعوودیا و هەروەها ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی زیاتری سەربازییان هەبوویایە، ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە ئێستا داعش هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئێران دەست بەسەر هیلالێکدا دەگرێت کە لە عێراقەوە دەگاتە سووریا و لوبنان.

ناوبراو هەروەها دەڵێت، ئەگەر تاران بە دروستی تێنەگات کە ئەمریکا سوورە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆمان و هاوپەیمانەکانمان، ئەوا مەترسییە. تائێستا ئەوەی ڕوو دەدات پاشماوەی سیاسەتی (ئۆباما)یە کە لە حکوومەتی (ترامپ)ـدا جێبەجێ دەکرێت، بۆیە پێویستە سەرۆک (ترامپ) ڕێگە نەدات بیرۆکراسییەت ڕێ لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان بگرێت دژ بە هەڕەشەی ئێران، بۆیە دەبێ واشنتۆن دان بە سەربەخۆیی کورددا بنێت و بە زووترین کات پێداویستیی ڕاهێنان و کەلوپەلی سەربازییان بۆ دەستەبەر بکات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار