چاودێران: دوو جار چەکی ئەمەریکا لە دژی کوردستان بەکار هاتووە

هەولێر-KDP.info- چاودێران دەڵێن، چەكی ئەمەریكایی و هاوپەیمانان دوو جار لە دژی كوردستان بەكار هاتووە. جارێكیان لە ڕێگەی (مالیكی)ـیەوە دراوەتە داعش بۆ شەڕی كورد، ئەم جارەش لە ڕێگەی (عەبادی)ـیـەوە دراوەتە حەشد و سوپای پاسداران بۆ شەڕی كورد.
لە دوای هێرشەکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک و پردێ، نیگەرانیی زۆر لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروست بووە، بەوەی کە چەکی ئەمەریکا لە دژی خەڵکی سڤیل و بۆ کێشە سیاسییەکانی عێراق بەکار هاتووە، بە جۆرێک کە حەشد ئەو چەکانەی بۆ داعش پێی درابوو لە دژی پێشمەرگە بەکاری هێناوە. لەکاتێکدا ئەوەی عێراق کردوویەتی پێشێلکاریی تەواوی دەستووری نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، باشترین بەڵگە لە بەکارهێنانی ئەو چەکانە سووتانی تانکی (ئەبرامز)بوو، کە دروستکراوی ئەمەریکایە.
(قادر قادر) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەداخەوە، چەکی ئەمەریکایی لە لایەن بەغداوە لە دژی کوردستان تاقی کرایەوە و، لە شەڕەکاندا دژی کوردستان بەکار هێنراون و پێشمەرگە تێکیشاندوون. وەک بەڵگەش لەبەردەست هەیە، بۆیە بەداخەوە ئەو چەکانە دەبوو لە دژی دوژمنانی عێراق بەکار بهێنرێن، کەچی لە دژی گەلێک بەکار هاتووە، کە داوای مافی خۆی کردووە و گرینگە هاوپەیمانان لەوە تێبگەن، کە دەبێ بەدواداچوون بکرێت لەوەی چۆن ئەم چەکە درایە حەشد؟ کێ بڕیاری دا لە دژی خەڵکی کوردستان بەکار بهێنرێت؟ دەبێ هەمووی ئەمانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.''
چاودێرێکی سیاسی، سەرسوڕمانی خۆی لەوە ناشارێتەوە کە چۆن دەکرێ، چەکی نوێ دژ بەگەلی کوردستان تاقی بکرێتەوە و، (سیروان حەمەشەریف) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تێناگەم چۆن بەغدا ڕێگای بە خۆی دا ئەو چەکە لە دژی خەڵکی کوردستان بەکار بهێنێت و یاسا نێودەوڵەتییەکان چۆن ڕێگە بەوە دەدەن چەکی هاوپەیمانان، کە بۆ تیرۆر نێردراوە، لە دژی خەڵکی کوردستان تاقی کراوەتەوە. ئەمە دەبێ هاوپەیمانان قسەی لەسەر بکەن، یان دەبێ ئەو چەکانە لە حەشد وەرگیرێتەوە، یان دەبێ لێکۆڵینەوە بکرێت، چونکە بەشێک لە چەکەکان کۆمەڵکوژییان پێ دەکرێت.''
(سیروان حەمەشەریف) گوتیشی: ''تێناگەم هەڵوێستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئاوا بێدەنگە، دیارە لەوێش کاریگەریی سیاسی وای کردووە، کە لە بەرانبەر هێرشەکانی حەشد بە چەکی ئەمەریکی بۆ سەر کوردستان خۆیان بێدەنگ کردبێت.''
(جەبار یاوەر)، ئەمنیداری گشتیی هێزی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەغدا لە شەڕی مووسڵ ٣٠٠ هەزار پارچە چەکی جێ هێشت و ئەو چەکانە کەوتنە دەست داعش و، داعش ئەو چەکانەی لە دژی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە بەکار هێنا. ئێستا ناکرێت ئەو هەڵەیە دووبارە بکرێتەوە و چەکی ئەمەریکایی لە دژی خەڵکی کورستان بەکار بهێنرێت. گرینگە لوولەی چەکەکان لە دژی داعش بێت، نەک ناوخۆی عێراق.''
(جەبار یاوەر) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''شەڕ جگە لە ماڵوێرانی هیچی دیکەی نییە، بۆیە دەبێ دەستبەجێ شەڕ بوەستێنرێت و دیالۆگ و گفتوگۆ لەو بارەوە بکرێت.''
(حیسامەدین عەلی)، شارەزای بواری سەربازی و قوتابیی ماستەر لە قاهیرە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو جووڵانەوانەی لە میسر کران، هیچ کاتێک چەکی تێدا بەکار نەهێنرا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان. ئێستا نازانین چۆن عێراق پەنای بردە بەر بەکارهێنانی چەک لە دژی خەڵکی کوردستان، لە کاتێدا دەبێ سوپای هاوپەیمانان لەوە دڵنیابن، کە ئەو چەکانە لە دژی گەلی کوردستان مەترسی لەسەر داهاتووی خۆیشیان دروست دەکات و ناکرێت ئەو چەکانەی (مالیکی) دایە داعش، ئێستا حەشد لە دژی کوردستان بەکاریان بهێنت، هەروەک ئەوەی داعش بەکاری هێنا، بۆیە دەبێ ڕێگری لەوە بکرێت.''
(حیسامەدین عەلی) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''بۆ یەکلاکردنەوەی گرفتەکان دەبێ پەنا نەبرێتە بەر چەکی هاوپەیمانان، چونکە ئەو چەکانە ڕەنگە لە داهاتوودا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بخاتە بەردەم پرسیارەوە.''
کارزان سەباح هەورامی




