سەرۆكی فەڕەنسا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی دەكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فەرەنسا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات و نیگەرانی خۆی لە بارودۆخ و گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نیشاندا و رایگەیاند، باشترین رێگە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان گفتوگۆ و دانوساندنە".
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 23ـی 10ـی 2017 (ئیمانویل ماكرۆن) سەرۆكی فەڕەنسا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە (سەرۆك بارزانی) كرد.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا (سەرۆك ماكرۆن) نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخ و گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نیشاندا و داوای ئەوەی كرد كە هەردوولا دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕ و پێكدادان دروست نەبێ و جەختیشی لەوە كردەوە كە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان گفتوگۆ و دانوساندنە.
هەر لەو پەیوەندییەدا (سەرۆك بارزانی) بارودۆخ و ڕووداوەكانی ئەو دواییەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا شی كردەوە.
جێگەی ئاماژەپێكردنە بڕیارە سەرۆكی فەڕەنسا لەمبارەیەوە لە هەوڵی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەردوولا هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەری كێشەكانیان بكەن.




