مەحموود عوسمان: ریفراندۆم جێگیر بووە و هەڵناوەشێتەوە

ھەولێر-kdp.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت، پێویستە حکوومەتی ھەرێم و عێراق گفتوگۆ بکەن بە پێی دەستوور بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە ھەموو وڵاتان جەخت لەسەر گفتوگۆ دەکەنەوە و بۆ ڕیفراندۆمیش دەبێتە مێژوو و کەس ناتوانێت ھەڵیوەشێنێتەوە، لەبەر ئەوەی ڕای میللەتێکە و جێگیر بووە.
سیاسەتمەداری کورد، (د. مەحموود عوسمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە حکوومەتی عێراق ئامادەی گفتوگۆیە و ھەرێمی کوردستانیش پێویستە ئامادە بن بۆ گفتوگۆکردن، بە پێی دەستووری عێراق، ھەرێمی کوردستان پێویستە زیاتر گرنگیی بە رووسیا بدات، لەبەر ئەوەی ڕووسیا ڕۆڵێکی باشیان ھەیە و ھەڵوێستیشیان لەبارەی ڕیفرندۆمەوە باش بووە و بەگشتی ھەموو وڵاتان داوا دەکەن، گفتوگۆ بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور و مافەکانی کوردیش بدرێن، بۆیە پێویستە کورد بە پێی دەستوور گفتوگۆ بکات و دەستوور شتی باشی تێدایە جێبەجێ بکرێت.''
لەبارەی نێوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە، ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتی: ''پێویستە لایەنەکان دیراسەتێکی وردی ئەوە بکەن، کە ڕووی داوە و ھۆکاری ڕوودانی و کێ بەرپرسە و ئەوەی تاوانبارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەن، بۆیە یەکگرتووییی کورد زۆر گرنگە.''
(د. مەحموود عوسمان) ڕوونیشی کردەوە: ''ناکرێت عێراق تاکلایەنە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە ببات و پێویستە ھەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدار بێت و ناکرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت.''
لەبارەی ڕیفراندۆمیشەوە کە عێراق باس لەوە دەکات کۆتایی پێ ھاتووە، ئەو گوتی: ''ڕیفراندۆم شتێکی مێژووییە و ڕای میللەتێکە و جێگیر بووە و کەس ناتوانێت ھەڵیوەشنێتەوە، بەڵام ڕێگری لێ دەکرێت، کە جێبەجێ بکرێت و ڕیفراندۆمیش وەکو مێژوو دەمینێتەوە.''
بڵند ئیبراھیم




