ئەڵمانیا دووبارە دەستی بە مەشق و ڕاھێنانی پێشمەرگە کردەوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، ھاوکاریی ھاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و ئەڵمانیاش دووبارە دەستی کردووە بە مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەویش دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک بە ھۆی ھێرشەکانی حەشدی شەعبی ڕاگیرابوو.
عەمید (ھەژار عومەر)، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھاوکاریی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان وەک خۆیەتی و ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووە، ھەر لە ئەمریکا و ھۆلەندا و فەرەنسا و ھەموو ئەو ھێزانەی پێشتر ھەماھەنگی و ھاوکارییان ھەبوو لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جۆری ھاوکارییەکانیان بەردەوامە و لە زۆر ڕووەوە ھاوکاری ھێزی پێشمەرگەن.''
لەبارەی ھاوکارییەکانی ئەڵمانیاوە، کە پێش ماوەیەک ڕاگیرابوون، عەمید (ھەژار عومەر) گوتی: ''ڕاستە بە ھۆی ئاڵۆزییەکانی کەرکووک و ھێرشی حەشدی شەعبییەوە بۆ چەند ڕۆژێکی کەم ئەڵمانیا ھاوکارییەکانی ڕاگرت، بەڵام ئێستا دەستی پێ کردووتەوە و ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەردەوامە پاڵپشتی و ھاوکاری پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، هەم لە ڕووی لۆجستیەوە و ھەم لە ڕووی مەشق و ڕاھێنانەوە ھاوکارمانن.''
قائید میرۆ




