بە دروشمی (بەرەو ئایندەیەکی گەش) شەشەمین ماڕاسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر بەڕێوەدەچێت
ھەولێر-KDP.info- ھەینی دابێ لە ھەولێر چالاکییەکانی شەشەمین ماڕاسۆنی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە ھەردوو ڕاکردنی (٥)کم و (١٠)کم لەخۆدهگرێت.
رێکخراوی (ئەربیل ماراسۆن) بۆ وەرزش و ئاشتی، شەشەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر ئەنجام دەدات.
ئەمساڵ لە دۆخێکی ھەستیار و بەدروشمی (بەرەو ئایندەیەکی گەش) ڕۆژی ھەینی دابێ بڕیاروایە، (٢٧/١٠/٢٠١٧) لە شاری ھەولێر، چالاکییەکانی شەشەمین ماڕاسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر بەڕێوەبچێت، کە ھەردوو ڕاکردنی (٥)کم و (١٠)کم لەخۆدهگرێت.
پەیوەست بەم پرسە (عەبدولستار عیسمەت یونس) سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دەمانەوێت لەڕێی وەرزشەوە پەیامی ئاشتی و برایەتی و تەبایی سەرجەم پێکھاتەکان بە جیھان بگەیەنین، ھەروەھا لە رێی وەرزشەوە ھەنگاو دەنێین بەرەو سەربەخۆیی و ئازادی بۆ سەرجەم پێکھاتەکان تا ھەموومان بە برایەتی و تەبایی بژین. ھەروەھا گوتی، "با ھەموومان گەورەو بچووک .. پیاو و ئافرەت و بەساڵاچووان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.. بەجیاوازی ڕەگەز و نەتەوەو تەمەنمانەوە. بۆ ئاشتی و وەرزش و ئازادی ڕابکەین.
(عسمەت) گوتیشی، "ئەمساڵ ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر ھەردوو ڕاکردنی ٥ کیلۆمەتر (ڕاکردنی خێزانی بۆ خۆشی و تەندروستی)، لەگەڵ راکردنی١٠ کیلۆمەتر (کە تیایدا سێ یەکەمی کوڕان و کچان خەڵات دەکرین) و دەرگای بەشداری بۆ ھەمووان کراوەیە."
ھاوکات، "شوێنەکانی ناو تۆمارکردن بریتین لە (پارکی سامی عەبدولڕەحمان، پارکی شانەدەر ، پارکی شار)، یان لە رێگەی وێب سایتی ( www.erbilmarathon.org ) یان لە رێگەی ھەردوو ژمارە مۆبایلی: ٠٧٥٠٨٧٠٣٧٣٨ - ٠٧٥٠٢٩٠٥٢٥٣ ناوەکان تۆماردەکرێن.. بڕیاریش وایە سبەی سێشەممە لە ھۆڵی میدیا لە ھەولێر دەست بکرێت بە دابەشکردنی تی شێرت و ژمارەو پێداویستییەکانی ماراسۆن بەسەر بەشداربووان و رۆژانە لە کاتژمێر ٩ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە بەشداربووان دەتوانن پێداویستییەکانیان وەربگرن".
فایزە کۆیی




