یوئێن: زیاتر لە سەدهەزار کەس لە کەرکووک ئاوارە بوون، ئەوانەی دەشگەڕێنەوە، جارێکی دی ڕادەکەنەوە

هەولێر-KDP.info- لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە سەدهەزار هاووڵاتی لە شارەکانی کەرکووك و مەخموور و خورماتوو، ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە، ژمارەیەکی کەمتریش لە زوممار ڕایانکردووە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی یوئێن، هاوکارانی مرۆیی پەلە دەکەن لە دابینکردنی هاوکاری بۆ ئەو خێزانانەی کە زۆر زیانیان پێگەیشتووە. زیاتر لە ١٥،٠٠٠ پارچەی خۆراکی تەنگەتاوی دابەش کراون و، تیمە گەڕۆکەکانی پزیشكی سەردانی خێوەتگەکان و لادێکان دەکەن بۆ دابینکردنی چاودێری تەندروستی. هاوکاریی خێرا، لەوانە ئاو، بەتانی، کەلوپەلی پاك و خاوێنی و پێداویستیەکانی ناوماڵ دابەشکراوە لەو ناوچانەی کە خەڵکانی ئاوارە لەخۆ دەگرن.
(لیز گراندی) ڕێکخەری مرۆیی بۆ عێراق گوتی "هاوکارانی مرۆیی هەموو هەوڵێك دەدەن تا دەستیان بگات بەو کەسانەی کە زیانیان پێگەیشتووە، بە پێدانی ئەو هاوکارییەی کە ئەوان پێویستیانە، بارودۆخەکە بە شڵەژاوی دەمێنێتەوە، زۆربەی خەڵکی دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان تا ئەوەی کە بۆ جاری دووەم و سێیەم ڕادەکەن کاتێك شەڕ و پێکدادانەکان دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە."
گوتیشی: "ئێمە زۆر نیگەرانین لەبارەی ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی، دزیکردن و وێرانکردن. پێویستە هەموو شتێك بکرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەموو لایەنێك و دڵنیایی بدرێت لە سەلامەتی ئەو خێزانانەی کە کەوتوونەتە بەر ڕووداوەکانی ئەم دواییە. هیچ شتێك لە پاراستنی هاووڵاتیان گرینگتر نییە."




