کاکەیی: ئەوەی حەشدی شەعبی بەرانبەر بە کورد لە ناوچە کوردستانییەکاندا دەیکات جینۆسایدە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان گوتی، ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بووەتە کەرستەیەک بە دەست حکوومەتی عێراقەوە و ھەرکەسێک بەدڵیان نەبێت، دۆسیەیەکی بۆ دروست دەکەن و فەرمانی گرتنی بۆ دەردەکەن. ئاماژەیشی دا، ئەوەی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە کورد دەیکات لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمدا بە ھەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جینۆسایدە.
سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکانی پارێزەرانی کوردستان، (ئەیاد کاکەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ سەندیکای پارێزەرانی کوردستان گردبوونەوەیەکی لەبارەی ئەو بڕیارانەوە کە عێراق لە دژی ھەرێمی کوردستان دەری کردوون و تاوانەکانی حەشدی شەعبی دژی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ڕێکخست. لەبەر ئەوەی ناکرێت عێراق لە خۆیەوە بڕیاری گرتن بۆ سەرکردەکان دەربکات، بەتایبەت ئەنجومەنی دادوەری بکەوێتە ناو سیاسەتەوە، لەبەر ئەوەی جیایە لە ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە. بەداخەوە ئێستا ئەنجومەنی دادوەری بووەتە کەرستەیەک بەدەست حکوومەتەوە و کامە بەرپرس بەدڵی ئەوان نەبێت، فەرمانی گرتنی بۆ دەردەکەن، کە ئەمە زۆر مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی دەبێتە دیاردە، کە ھەر کەسێکیان بەدڵ نەبێت، مەلەفێکی بۆ دەکرێتەوە و دەستگیر دەکرێت.''
(ئەیاد کاکەیی) ڕوونیشی کردەوە: ''ئێمە قسەمان لەسەر حەشدی شەعبی و پاسدارانی ئێرانیش کرد، کە ئەو تاوانانەی لە سنووری کەرکووک، بەتایبەت لە دوزخورماتوو دژی کورد ئەنجامیان داوە، بە ھەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جینۆسایدە، لەبەر ئەوەی ھێزێکی میلیشیای نەتەوەییی عەرەب ھێرش دەکاتە سەر کورد، ئەمە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە جینوسایدە و ڕاگواستنی بەزۆرە مڵێیە و دەکەوێتە خانەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ دەنگی خۆمان بەرز کردەوە و داوامان کرد، عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی ئەنفال و جینوساید دووبارە نەبێتەوە.''
(ئەیاد کاکەیی) گوتیشی: ''ئەگەر عێراق ئەندام بوایە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەوکات داواکاری گشتی دەھات لێکۆڵینەوەی لە ھەرێمی کوردستان دەکرد، بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دادگایی بکرێت، لەسەر بەکارھێنانی ھێز لە دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و جگە لەوەش پشتی بە ھێزێکی میلیشیا بەستووە، کە خراوەتە لیستی شەرمەزارییەوە و جگە لەوەش ھێزی پاسداران، کە لە لیستی تیرۆردایە، بەڵام بەداخەوە تووشی جینۆساید بووینە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بێدەنگە.''
بڵند ئیبراھیم




