٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان: لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە حەشدی شەعبی پێشێلکاری کردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  رووداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر شاری كەركووك، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی كورد ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و روویان لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كرد، لە هەمان کاتدا دوای ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی چوونە نێو شار و شارۆچکەکان بە چەندین شێوازی جیاجیا پێشێلکارییان بەرامبەر بە کوردانی دانیشتووانی ئەم ناوچانە ئەنجامدا کە دوور بوو لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

لەم بارەوە (د. دیندار زێباری) سەرۆكی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پێشێلكاری زۆریان بەرامبەر بە هاووڵاتیانی شارەكە ئەنجامدا دوور لە بنەما و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە کەرکوک و خورماتو و ئەو ناوچانەی کە دەستیان بەسەرداگرتووە، ئەم پێشێلکاریانەش بوونەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەر بوونی دەیان هەزار هاووڵاتی کوردی دانیشتووی ئەو ناوچانە و روو بکەنە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەپێی توانای خۆیان یارمەتی ئەو ئاوارانەی داوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە هاتنی ئاوارەكانی بە بەرچاوی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە  بوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەك یارمەتییان نەداون و بێدەنگ بوون بەرامبەر بەو كارەساتە لە كاتێكدا ئەمە ئەركی ئەم رێكخراوانەیە.

سەرۆكی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانرایگەیاند کە هاووڵاتیانی کوردی ئەو ناوچانە رووبەڕووی چەندین شێوازی جۆراوجۆری پێشێلکاری مافی مرۆڤ بوونەتەوە و لەم بارەوە وتی: دوای ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی کوردستاندا گرت بەشێوازی جیاجیا کەوتنە گیانی هاووڵاتیانی کوردی ئەو ناوچانە و بە هەموو شێوەیەک پێشێلکاری زەقی مافی مرۆڤیان ئەنجامدا وەک راوەدوونان، گرتن، کوشتن، ئەشکەنجەدان، تێکدانی ماڵ و خانوویان و زۆربەی ئەم پێشێلکاریانەش لەلایەن گروپی عەسائیب ئەهل ئەلحەق ئەنجامدراون کە گروپێکی سەر بە حەشدی شەعبییە و بەڵگە لەسەر ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیانە لەبەر دەستدایە تا ئێستا چەندین خانووی هاووڵاتیان لە تێکدراوە بەتایبەتی لە شارەکانی کەرکوک و خورماتوو.

(دیندار زێباری) ئەوەشی راگەیاند لە چەند رۆژی رابردوو  ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە ترسی هەڕەشەی ئەم میلیشیانە و بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان ناوچەکانیان جێهێشتووە و لەم بارەوە زیاتر وتی: لە دوو رۆژی رابردوودا تەنیا ئەو خێزانانەی کە لە شاری کەرکوکەوە روویان لە شاری هەولێر کردووە ژمارەیان گەیشتۆتە زیاتر لە ١٤ هەزار خێزان، هەروەها ژمارەیەکی زۆریشیان روویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە، ئاوارە بوون و کۆچی ئەم ژمارە زۆرەی هاووڵاتیانی کورد بەڵگەیەک لەسەر دڕندەیی ئەو تاوانانەی کە لەو ناوچانە دژیان ئەنجامدراون.

(زێباری) لە درێژەی قسەكانی وتی: ئێمە داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین كە سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریانەی میلیشیای حەشدی شەعبی دابنێن، چونکە ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا پێشێلکاریی مافی مرۆڤە و ئەرکی لایەنە نێودەوڵەتییەکانە هەڵوێستی توندیان بەرامبەری هەبێت لە هەمان كاتدا پێویستە یارمەتی و هاوكاری پێویست راستەوخۆ پێشكەش بە ئاوارەكان بكەن، چونكە ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان تا ئێستا بە ئەرکی مرۆیی خۆیان هەڵنەستاون لەو بوارەوە لە کاتێکدا بە ئاشکرا ئەم تاوان و پێشێلکاریانە دەبینن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار