چالاکوانێک: ئەوەی لە کەرکووک و خورماتوو بەڕێوە دەچێت ئەنفالێکی دیکەیە
__2017_10_19_h19m20s27__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی ڕاستەقینەی داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لە لایەن حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان ئاشکرا دەبێت و چالاکێکی ئەنفالیش ڕوونی کردەوە ئەوەی لە کەرکووک و خورماتوو دەگوزەرێ، ئەنفالێکی دیکەیە بەرانبەر بە ھاووڵاتیانی کوردی ناوچەکە دەکرێت.
(زەمان عەبدە)، چالاکوانی بواری ئەنفال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''گەلی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی وەک کەرکووک و خورماتوو لەژێر ھەڕەشەیەکی دیکەی جینۆساید و ئەنفالدایە و ئەوەی لە ڕابردوودا، ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق بەرامبەر بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان کردووە، ئێستا ھەمان سیناریۆی تاوان بە شێوەیەکی سەردەمیانە دووبارە دەبێتەوە، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا چەندین تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی سڤیلی کورد ئەنجام دراون و تێیدا ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی، مخابن لە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی کارەسات بەسەر ھاووڵاتیانی سڤیلدا دێنێت.
بە پێی سەرچاوەکانی نێو کەرکووک چەکدارانی حەشدی شەعبی دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاوکردنی گەلی کورد لە شارەکە و بە پێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی تاوانی جەنگی لە کەرکووک و خورماتوو ئەنجام دراون، ئەو چالاکوانەی ئەنفال ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ''من، خۆم خەڵکی کەرکووکم لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری شاری کەرکووک بووم، چەندین پەیوەندیم بۆ ھاتووە و شایەتحاڵی چەندین ڕووداوی جەرگبڕم، بۆ نموونە، پەیوەندیم بە ژمارەیەک تاقانەی ئەنفال کردووە، ڕەوشیان زۆر خراپە و ژیانیان لە مەترسیدایە، تەنانەت ماڵی یەکێک لە تاقانەی ئەنفال تالان کراوە و بڕیارە خانووەکەی بتەقێندرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە بەر لە ٣٠ ساڵ ھەمان کارەسات بەسەر باوکی ئەو تاقانەی ئەنفالەدا ھاتووە.''
(زەمان عەبدە) دەڵێت: ''بە ھەموو پێوەرەکان ئەوەی لە کەرکووک و خورماتوو بەڕێوە دەچێت، ئەنفالێکی دیکەیە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی کەرکووکی سووتاندووە، کارەساتەکە لەوە گەورەترە ئەو ھەموو بەڵگە و دیکۆمێنتاریەی پرسی ئەنفال لەنێو براون.''
قائید میرۆ




