شێخ جەعفەر: خەڵک چی دی دەستدرێژیی حەشد قەبووڵ ناکا.. بە چەک بەرپەرچ دەدرێنەوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، حەشد دووبارە بە چەکەوە داویانەتەوە بەسەر بارەگاکانی پارتی و خەڵکیش بە چەکەوە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ راماڵینی حەشد لەو ناوچانەدا.
(شێخ جەعفەر مستەفا) بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دووبارە حەشدی شەعبی بە چەکەوە چوونەتە سەر بارەگاکانی پارتی و ئاڵای کوردستانیان سووتاندووە"، ئاشکرایشی دەکات، ئێستا لە ناو مەڵبەندی یەکێتی کۆبوونەوەی حەشد و سوپای عێراقی هەیە بۆ داڕشتنی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک، هەڵبەت کە ئەمە ڕوو بدات، خەڵکیش بە چەکەوە بەرپەرچیان دەداتەوە و رایاندەماڵێ. چونکە لە چەند شوینێک بازگەیان داناوە و تەعدا لە خەڵک دەکەن، بەتایبەت لە دەروازەی سەرەکیی خانەقین کفری دوز".
(شێخ جەعفەر مستەفا) گوتیشی، خەڵکی خۆبەخش ئاڵای کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیان بردووەتە نزیک بارەگاکان و بەنیازن بەرزیان بکەنەوە.
هاوکات (سەڵاح دەلۆ) بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، خۆبەخشەکان ئاڵای پارتی و کوردستانیان لەسەر بارەگای ناوچە و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەرز کردووەتەوە. تادێت تووڕەیی خەڵک لە دژی حەشد زیاتر دەبێت، چونکە لە دوێنێوە دەیان جارە تەقەیان بەسەر گەنجانی رەحیماوادا کردووە".
کارزان سەباح هەورامی




