٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری دەرەوەی کوردستان: کوردستان نیازی نییە شەڕ دژ بە عێراق بەرپا بکات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخی دانوستان لەنێوان هەولێر و بەغدادا، دەڵێ، کوردستان نیازی نییە شەڕ دژ بە عێراق بەرپا بکات.

لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکایی، (فەلاح مستەفا) کە بە سیفەتی وەزیری دەرەوەی کوردستان ناوی هێندراوە، ڕایگەیاندووە "لەم ڕۆژانەدا ڕووداوەکان ڕوونتر دەبنەوە، ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی نوێی پێوەندین لەگەڵ بەغدا. بە داخەوە کە ڕاپرسییەکی دیموکراتی و ئاشتیانە کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، لە لایەن دراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە وەها بەرهەڵستی بکرێ."

هەروەها دەڵێ، "ئێمە زۆر بە ڕوونی پەیامی خۆمان گەیاند لەوەی کە گەلی کوردستان دەیەوێ گوزارشت لە مافی خۆی بکات؛ ئامادەیی خۆیشمان بۆ دیالۆگ لەگەڵ بەغدا نیشان داوە دەربارەی پاشەڕۆژی پێوەندی و سنووری هەرێمی کوردستان. بەڵام بەغدا ئامادە نەبووە دیالۆگ بکات."

ئەو دەڵێ "دەرک بەوە دەکەین کێشگەلێک هەن لە نێوانماندا، بەڵام بەغدا دانوستان و دیالۆگی ڕەت کردووەتەوە و، سزای بەکۆمەڵی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دا، تا بەوە گەیشتین کە ئێستا دەیبینین. دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دیالۆگ، تا لەوەبگەین چ ڕوو دەدات و پێویستە چ بکەین."

وەزیری دەرەوەی کوردستان داوایش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات گفتوگۆ لەوبارەیەوە بکات، گوتیشی "زۆر گرینگە، ئەمە پاشەڕۆژی نەتەوەیێکە، دۆزێکی گرینگ زۆر گرینگە لەو بەشەی دنیادا."

(مستەفا) جەختی کردەوە، "قەت نیازی ئەوەمان نییە دژ بە سوپای عێراق بجەنگین. پێشتر پێکەوە دژ بە داعش دەجەنگاین، دەبێ پێکەوە دیالۆگ بکەین تا دەگەین بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش."

هەروەها دەڵێ "بابەتەکە پێوەندیی بە چاڵە نەوتەکانەوە نییە، پێوەندیی بە ئاڵایشەوە نییە، بەڵکە پێوەندیی بە پاشەڕۆژی دوو نەتەوەوە هەیە، لەبەر ئەوە پێویستمان بە دیالۆگ هەیە."

هەواڵی پەیوەندیدار