گەنجێکی کوردستان لە بەردەم بارەگای (UN) ئاگر لە جەستەی بەردەدات ئەگەر ھاوپەیمانان ھەروا بێدەنگ بن
__2017_10_18_h17m31s1__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- کۆمەڵە گەنجێکی کوردستان ئەمڕۆ ئێوارە لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەک ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن، دەرھەق بەو زوڵم و داگیرکارییەی بە بەرچاوی جیھانەوە، بەرانبەر کورد دەکرێت، ئەگەر وەڵامیان نەبێت، یەکێکیان ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات.
چەند ڕۆژێکە ھەرێمی کوردستان بەر شاڵاوی داگیرکاری و مامەڵەی خراپ و ھەڕەشە و دەستدرێژیکردنە سەر خەڵک، سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی کورد و ھەڵکوتانە سەر ماڵان و دزی و تاڵانکردنیان و تەقاندنەوە و سووتاندنی چەند شوێنێک بووەوەتەوە لە لایەن سوپای عێراق و سوپای پاسدارانی ئێران و حەشدی شەعبیی عێراقەوە.
سەبارەت بەمە گەنجێکی ھەرێمی کوردستان، بێ ئەوەی سەر بە ھیچ حزب و لایەنێک بێت، بە ناوی (شەماڵ جەبار ئیبراھیم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە کۆمەڵە گەنجێکی شاری ھەولێرین، ئەمڕۆ لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەک ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و جیھان دەکەین، دەرھەق بەو زوڵم و داگیرکارییەی لە ھەرێمی کوردستان کراوە لە لایەن پاسدارانی ئێران و حەشدی شەعبیی عێڕاقەوە، لەکاتێکدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خۆی بە ھاوپەیمانی کورد دەزانێت، بە بەرچاوی خۆیان و ھەموو جیھانەوە بە چەکی ئەمریکی و تفاقی ئەمریکییەوە، سووکایەتی بە کورد و کوردستان کراوە، کەچی ئەوان لێی بێدەنگن و تەنیا تەماشاکەرێکن و ھیچی تر. بۆیە ئەم چەند گەنجە یەکێک لەوان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ماوەی (٧٢) کاتژمێر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان نەیەنە دەنگ و وەڵامیان نەبێت، بۆ ئەو ھەموو تاڵان و کاولکارییەی لە شارە کوردییەکانی دووزخورماتوو، کەرکووک و خانەقین و ناوچەکانی تر دەکرێت، لەبەردەم بارەگای ( (UNئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات.''
فایزە کۆیی




