وەزارەتی پێشمەرگە: بۆردوومانی چیای شنگال قابیلی قبووڵ نییە.. داوا دەکەینەوە پەکەکە چیتر نەبنە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێ، شەھید و برینداربوونی ئەو پێشمەرگانەی بەھۆی بۆردوومانی فرۆکەکانی تورکیاوە جێگەی داخێکی زۆرە و، قابلی قبووڵ نییە و ئەم کێشە و گرفتانەش ھەمووی لە ئەنجامی ھەبوونی پەکەکەیە لەو ناوچەیە.
دەقی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:
کاتژمیر دووی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ـی٤ـی٢٠١٧، چیای شنگال و دەوروبەری لە لایەن فرۆکەکانی سوپای تورکیاوە بۆردوومان کراوە و زیان و وێرانکاریی زۆری لێکەوتۆتەوە و ٥ پێشمەرگە شەھید و ٩یش بریندار بوونە.
شەھید و برینداربوونی پێشمەرگ جێگەی داخێکی زۆرە و بۆردوومانکردنی پێشمەرگە لەلایەن فرۆکەکانی تورکیاوە قابلی قبووڵ نییە و، ڕاشیدەگەیەنین کە ئەم کێشە و گرفتانە ھەمووی لە ئەنجامی ھەبوونی پەکەکەیە لەو ناوچەیە و بوونیشیان سەرئێشە و گرفتی بۆ خەڵکی ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان ناوەتەوە و سەرباری ئەوەی لە ھەموو لایەکەوە زۆریش داوایان لێ کراوە کە چیای شنگال چۆڵ بکەن، بەڵام گوێیان بۆ کەس نەگرتووە لێرەدا دووبارە داوا دەکەین کە پەکەکە ھێزەکانی لە چیای شنگال و دەورووبەری بکشێنێتەوە و چیتر نەبنە مایەی ناسەقامگیری و قوڵتربوونی کێشەکان لەم ناوچەیەدا و ڕێگە بدەن ژیان بۆ خەڵکی ناوچەکە بگەڕێتەوە .
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٥-٤-٢٠١٧




