٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"هەستمان بەو مەترسییە كردبوو.. خەڵكی شنگال تووشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بووە"

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- بەرپرسانی ئیداریی شارۆچكەی شنگال باس لەوە دەكەن، دەمێكە ھەست بە مەترسیی بۆردوومانی ناوچەكە لەلایەن توركیاوە دەكەن بە ھۆی بوونی پەكەكە لە سنوورەكەدا، بۆیە لە دوای ئەم ھێرشەوە، خەڵكی شنگال تووشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بووە و داوای دەركردنی پەكەكە لە ناوچەكەدا دەكەن.

ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچكەی شنگال (مەیسەر حەجی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە دوای ئەو ھێرشەی توركیا بۆ سەر بارەگاكانی پەكەكە لە شنگال كردی، خەڵك تووشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بووە، چونكە خەڵك چیای شنگالی لا ئارام بوو و ئێستاش توركیا بە ھۆی بوونی پەكەكەوە ئەو شوێنەیشی بۆردوومان كردووە، كە بارەگاكانی پەكەكە لەناو خەڵكیدان و زۆر نزیكن، بەڵام خۆشبەختانە ئەم جارە رزگاریان بووە و كەس زیانی پێ نەگەییشتووە، وەلێ گەر بەو شێوەیە بێت، بەرەوڕووی مەترسیی زۆر دەبنەوە".

(حەجی) گوتیشی، "دەمێكە ئێمە بە ھۆی بوونی پەكەكەوە ھەستمان بەو مەترسییە كردبوو و زۆر جاریش داوایان لێ كراوە ئەو ناوچەیە چۆڵ بكەن، بەڵام ئەوان گوێیان لە ئێمە نەگرتووە، ئێستایش دووبارە داوای دەركردنیان دەكەین، ئەگەرنا شنگال تووشی مەترسیی گەورەتر دەبێت".

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ (نایف سەیدۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ماوەیەك پێش ئێستا ھەموو كوردانی ئێزدی لە مەزاری شەرفەددین كۆ بوونەوە و داوایان كرد پەكەكە ئەو ناوچەیە جێ بهێڵێت، چونكە ھەستمان بەوە دەكرد توركیا ھێرشیان دەكاتە سەر، بەڵام ئەوان سوور بوون لەسەر مانەوەیان و ئێستاش پەكەكە بووەتە بەڵایەك بۆ خەڵكی شنگال".

(سەیدۆ) گوتیشی، "خەڵك تووشی ترسێكی زۆر بووە و لە ئێستادا خەڵكێكی زۆر لە ناوچیای شنگال ھەیە و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆیش رێگەیان نەدەدا خەڵك لە چیا بێتە خوارەوە تا دواتر رێگەیان كردەوە، بەڵام تا ئێستا كەس ئاوارە نەبووە و خەڵك لە شوێنی خۆی ماوە".

شەوی رابرد، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بنكە و بارەگاكانی پەكەكەیان لە شنگال بۆردوومان كرد و، بەو ھۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەھید بوون، حەوتی دیكەیش بریندار بوون و سەرجەم بارەگاكانی پەكەكەیش خاپوور كران.

 

بڵندئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار