پۆلیسی هەولێر: چەند تەقەكەرێک دەستگیر كران

هەولێر-KDP.info- جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ژمارەیەك لەو كەسانەی كە دوێنێ شەو تەقەیان كردووە و سەرپێچیی یاسایان كردووە، قۆڵبەست كراون.
(عەمید عەبدولقادر)، دەڵێت، ژمارەیەك لەو كەسانەی كە دوێنێ شەو لە هەولێر و دەوروبەری تەقەیان كردووە و سەرپێچیی یاسایان كردووە، دەستگیر كراون و دراونەتە دادگا.
جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕووونیشی كردەوە، هەندێك كەس لە دەرەوەی یاسا ڕێگاپێدراوەكان، یاریی ئاگرینیان بەكار هێناوە و خەڵكیان جاڕس كردووە، بۆیە ئەوانیش بە گوێرەی یاسا قۆڵبەست كراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.
بە گوتەی (عەمید عەبدولقادر)، شوفێری ئەو ئۆتۆمبێلەش دەستگیر كراوە كە دوێنێ شەو چەند كەسێكی زامدار كردووە و ئۆتۆمبێلەكەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
وەك جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر جەختی كردەوە، تەقەكردن بە هیچ پاساوێك ڕێگای پێ نادرێت و ئەوانەی ئەو كارەشیان كردووە، ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبن و ڕێكارە یاساییەكانیان دەرهەق دەگیرێتە بەر.
ئومێد بابان




