پەیەدە ڕێ بە کردنەوەی بارەگاکانیان نادات.. ئەنەکەسە چاوەڕیی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیە

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا بڕیاری کردنەوەی بارەگاکانی دەدات لە رۆژئاوای کوردستان و، پەکەکە رێیان لێ دەگرێ، ئەندامێکی ئەنەکەسەش سووربوونی خۆیان لەسەر هەوڵەکانیان دووپات دەکاتەوە.
پێشتریش داخستنی بارەگا و گرتن و ڕاوەدوونانی ئەندام و سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا لە لە لایەن چەکدارانی پەیەدەی سەربە پەکەکەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بەرنامە کراوە، بەڵام پاش ڕێگرییەکانی هێزێکی پەکەکە لە خانەسۆری سەربە سنوونێ و، شەڕفرۆشتن بە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ، پەکەکە هەوڵەکانیان بۆ داخستن و سووتاندنی بارەگاکانی حزبەکانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد چڕتر کردەوە و لەو هەڵمەتەدا ٤٠بارەگای لە سەرجەم شار و چارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان داخست.
لەوبارەوە (د. کاوە ئازیزی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "پەیەدە سەرجەم بارەگاکانی ئەنەکەسە و پارتەکانی بەشدار لەو ئەنجوومەنەی داخستن، وا ئێستایش بارەگاکانمان دەکەینەوە، سەرەتا لە قامشلۆوە دەستمان پێ کردووە، بەڵام پەیەدە ھێرشیان کردووەتە سەری و جارێکی دیکە دایان خستووە."
ئەو سیاسەتوانەی ڕۆژئاوای کوردستان گوتیشی، جارێکی دیکە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بارەگاکانیان بکەنەوە و دەڵێ، بڕیاریان داوە ھەر چۆنێک بێت بارەگاکانیان دەکەنەوە و گوێ بە بڕیارەکانی پەیەدە نادەن.
(ئازیزی)جەختی کردەوە، "پەیەدە بە ھەموو شێوەیەک گوشار دەکات بۆ ئەوەی رێگری لە کردنەوەی بارەگاکانی ئێمە بکات، بۆ ئەو مەبەستەش ھەڕەشە لە خاوەنی ئەو خانوانە دەکەن کە بە کرێ داویانە بە ئەنەکەسە بۆ ئەوەی بیکەنە بارەگای خۆیان."
ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بە یەکجاری نەھێشتنی داعش لە عێراق و رزگارکردنی مووسڵ و لەسەرکارلادانی رژێمی سووریا لەسەر دەستەڵات، ئەو ئەندامەی ئەنەکەسە دەڵێ، "زۆر شت دەگۆڕێن و پەیەدەش ناتوانێ بەوشێوەیە بەردەوام بێت."
بڵند ئیبراھیم




