ئەڵمانیا: ئێمە و کۆمەڵی نێودەوڵەتییش پێویستمان بە کوردستانە

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) پێزانینی هەبوو بۆ هاوکارییەکانی ئەڵمانیا لە شەڕی دژ بە تیرۆر کە لە تەنگانەدا یارمەتیی کوردستانیان داوە؛ هاوکات جەختی لە بەردەوامیی پیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کردەوە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیایش ڕایگەیاند، "ئێمە و کۆمەڵی نێودەوڵەتییش پێویستمان بە ئێوەیە."
لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانییه هاوبەشهكهدا، کە پاش کۆبوونەوەی ئەم بەیانییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ساز درا، (سەرۆک بارزانی) لە دەستپێکدا سپاسی گەلی کورد و خۆیشی بە ئەڵمانیا گەیاند کە لە کاتی شەڕی تیرۆریستاندا بەهانای هەرێمی کوردستانەوە هاتوون و سەربازانیان مەشقیان بە پێشمەرگە کردووە؛ گوتیشی کە کۆبوونەوەیەکی باش و سەرکەوتوویان ئەنجام داوە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، سپاس بۆ ئێوە و ئەو گفتوگۆیەی ئەنجاممان دا، وڵاتەکەمان ڕیزی زۆر بۆ ئێوە و گەلی کوردستان دادەنێ، تەنیا ڕێز نەبوو بۆ شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵکە بۆ هەموو ئەو سەخاوەتەش بوو بۆ لەخۆگرتنی پەنابەران و حەواندنەوەیاندا، هەڵبەت بەراورد بە ڕێژەی دانیشتوانی کوردستان و ڕێژەی ئاوارەکان، نەک بۆ ئێمە بەڵکە بۆ تەواوی جیهان جێی ڕێز و بایەخ بوو و ڕێزێکی یەکجار گەورەتان هەیە لە بەرانبەر بەو کارەی کردووتانە.
لەبارەی دانی چەک بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها ڕایگەیاند، ئێمە کارێکمان کرد کە پیشووتر لە ئەڵمانیا قەدغە بوو، دانی چەک بە ئێوە بە واتای بایەخی ئەڵمانیایە بە هەرێمی کوردستان، ئێمە دەمانزانی داعش تەنیا هەڕەشەیەک نییە تەنیا بۆ ئێوە و عێراق، بەڵکە بۆ ئەورووپا و جیهانیش بوو، بۆیە بەشداریمان لەو جەنگەدا کرد، سپاستان دەکەین لەوەی بەرگریتان لە کیشووەەری ئەورووپاشدا کردووە نەک هەر ناوچەکەی خۆتان.
ئەو جەختی کردەوە، ئێمە لەپێناو گێڕانەوەی سەقامگیریی ئێوە و عێراق و ناوچەکە کار دەکەین، ئێمە و کۆمەڵی نێودەوڵەتییش پێویستمان بە ئێوەیە، هەڵبەت ئێمەیش دەمانەوێ کار بکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکان و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی سازدانی ڕاپرسی، (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، بەڵێ بڕیاری ڕیفراندۆم دراوە و لایەنەکان ئێستا کار دەکەن بۆ پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ ئەم پرسە و سازدانی ڕاپرسی.
(سەرۆک) ڕوونی کردەوە، ڕیفراندۆم بۆ ئەوەیە جیهان لە بڕیاری گەلی کوردستان تێ بگات چیی دەوێ، ئەمە بە واتای دەستبەجێ ڕاگەیاندنی دەوڵەت نییە، هەورها ئێمە نامانەوێ بەڕێی توندوتیژی ئەو کارە بکەین، خۆی دەوڵەتی کوردستان بۆ کۆی ناوچەکە مایەی ئارامی دەبێ.
دواتر لەبارەی بەشداریی پێشمەرگە لە شەڕی مووسڵ، هەروەها ڕێژەی هاوکارییەکان بەگوێرەی پێویست بووە، (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، بەر لە دەستپێکردنی شەڕی مووسڵ لەگەڵ عێراق و هاوپەیمانان پلانی هاوبەشمان دانا، سەرەتا پێشمەرگە هێڵی بەرگریی داعشانی تێکشکاند ئێنجا هێزەکانی عێراق پیشڕەوییان کرد.. شەڕ ئێستا سەختە چونکە کەوتووەتە کۆڵانە تەنگەکانی ئەو شارە، هەڵبەت بابەتەکە وابەستەی کاتە و دواجار تەواو تێکدەشکێ، بەڵام ئەمە بە مانای کۆتایی یەکجارەکیی داعش نابێ و ڕەنگ بە جۆری دیکە بمێنێتەوە.. دەرباری چەک نەخێر لە ئاستی پێویستدا هاوکاریی نەکراوین.
ئینجا لەبارەی ڕاپرسی و پرسی سەربەخۆییی باشووری کوردستان (زیگمار گابریێل) گوتی، ئەڵمانیا و ئەورووپایش پێویستیان بەوەیە بایەخ بە هەرێمی کوردستان بدەن و، کارێک بکەن شێوازی ژیان لێرە پێش بکەوێ و ڕێ بگرن لەوەی جارێکی دی خەڵکی ئێرە نەکەوێتەوە بەردەم هەڕەشەی تیرۆریستانەوە.
لەبارەی داهاتووی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەیەوە پاش سازدانی ڕاپرسی، (زیگمار گابریێل) دەڵێ، ئەو دەرەنجامە پێوەندی بە ئێمەوە نییە قسەی لەبارەوە بکەین، ئەمە پرسێکی پێوەست بە عێراق و کوردستانە، ئەوانن کە بڕیار دەدەن، هەڵبەت هەر هاوکارییەک لە لایەن ئێمەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاوەدانی و سەقامگیرییەوە پیویست بێ دەیکەین.
(زیگمار گابریێل) گوتیشی، باشترین شت بۆ داهاتووی کوردستان چێیە، کورد خۆی دەیزانێ نەک ئێمەی ئەڵمانیایی، بەڵام بۆ ئێمە کوردستان گرینگە و دەمانەوێ ئەم هەرێمە لە هەموو ڕوویەکەوە پێش بکەوێ ڕزگاری بێ لە ئایدۆلۆژیای توندڕۆ، دەبێ بیر لە داهاتوویان بکرێتەوە، ئێمە دەمانەوێ و دەبێ کارێک بکرێ هەم عێراق و هەم کوردستان لە ئاشتیدا بژین، ئیمکانیات و سەروەتی باش هەیە و دەتوانن لە بوارەکانی پێشەسازی و کشتوکاڵ پێش بکەون.
ئەو دووپاتی کردەوە کە، پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا پاش ڕاپرسی، بابەتێکە پێوەندی بە خۆیانەوە هەیە. ئەوەی ئێمە دەبینین، دەمانەوێ ململانێی توند نەیەتە ئاراوە و بە هۆی ڕاپرسی و بڕیار لە چارەنووس هەروەک (سەرۆک بارزانی) گوتی، بە گفتوگۆ بێ.





