عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی: عێراقی یه‌كگرتوو بۆ ئه‌ورووپاییه‌كان باوی نه‌ماوه

هەولێر-KDP.info- (عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی) نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ره‌نسا، دووپاتی کرده‌وه كه "فه‌ره‌نسا له رێگه‌ی كورده‌وه ده‌یه‌وێ بێته‌وه ناو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست". ئه‌و، له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا باس له روانینی وڵاتانی ئه‌ورووپایی به‌رانبه‌ر به پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ، "په‌كه‌كه كێشه‌یه بۆ ئه‌وان".
دیمانه‌ی كاوه جه‌م
فه‌ڕه‌نسا له كاتی هاتنی داعش بۆ كوردستان، رۆڵی گه‌وره‌یان له هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش گێڕا، ئه‌وان به نیازی چین و چ به‌رنامه‌یه‌كیان هه‌یه؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): فه‌ره‌نسا دوای هاتنی داعش، راسته‌وخۆ هاته سه‌ر خه‌ت، چونكه ئه‌وان لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی بوون له داڕشتنی سایكس‌پیكۆ. تا ئه‌وكات سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و لاوازبوون بوو، چونكه سووریای له ده‌ست چووبوو، ئێران له لوبنان نفوزی زیاتر بوو و ئه‌مه‌ریكایش به ته‌واوی هاته ناو عێراق. ئه‌وان هه‌ستیان پێكرد كه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه لاواز بوونه، بۆیه دوای هاتنی (ساركۆزی) له رووی نێوده‌ڵه‌تییه‌وه هاته پێشه‌وه. لێدانی لیبیا له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌وان بوو. له شه‌ڕی داعش دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا هاته كوردستان و گه‌ڕایه‌وه، بڕیاری دا به‌شداری له هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش بكه‌ن و ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ش به ناوی (شه‌ماڵ) بوو. ئه‌و ناوه كوردییه و له ناو زمانی فه‌ره‌نسیدا هیچ جۆره مانایه‌كی نییه. فه‌ره‌نساییه‌كان بۆیان ده‌ركه‌وت كه سووریا و عێراق له رووی ته‌ناهییه‌وه به ته‌واوی تێكچووه، بۆیه قورساییی خۆیان خسته سه‌ر كوردستان.
پێتوانییه هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، هه‌م ئه‌ورووپا لاواز ده‌كات و ناڕاسته‌وخۆیش كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر فه‌ره‌نسا ده‌بێ و، ئه‌و وڵاته به هێزی جارانه‌وه ناتوانێ له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا گه‌مه بكات؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسایه. سیاسه‌تی به‌ریتانیا به ته‌واوی جیا له سیاسه‌تی ئه‌و دوو وڵاته‌یه، به‌ریتانیا زیاتر هاوپه‌یمانێكی ئه‌مه‌ریكاییه. فه‌ره‌نسا ئه‌ندامی هه‌میشه‌ییی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه و ئه‌گه‌ر به‌ریتانیا له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بچێته ده‌ره‌وه، قورساییه‌كه‌ی هه‌مووی بۆ فه‌ره‌نسا ده‌گه‌ڕێته‌وه.
پێتوایه ئه‌مه‌ریكا و رووسیا رێ به فه‌ره‌نسا ده‌ده‌ن بێته ناو گه‌مه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیستمی نوێی جیهانی هه‌بێت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): فه‌ره‌نسا هاتووه و لێدانی لیبیایش نیشانه‌ی ئه‌وه بوو.
له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسادا هیچ پرۆژه‌یه‌ك بۆ كورد هه‌یه؟
(عه‌لی دۆڵمه‌مه‌ڕی): ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی كورد شتێك بۆ خۆمان نه‌كه‌ین، كه‌س بۆمان ناكات. ئێمه هه‌رێمێكین سه‌ر به عێراق و ئه‌وان پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌غدایه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، فه‌ره‌نسا زیاتر له هه‌ر وڵاتێك، له هه‌موو روویه‌كه‌وه بایەخ به كوردستان ده‌دات. چونكه ئێران نفوزی له عێراق و رووسیا و نفوزی له سووریایشه، تا ئێستای‌ش رووسیا و فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر کریمیا كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه و، بۆیه باشترین بژارده بۆ فه‌ره‌نساییه‌كان، كوردستانه. هاتنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كوردستان، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه.
ئه‌وه نیشانه‌ی لاوازیی دیپلۆماسیی فه‌ره‌نسایش ده‌رناخات؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): فه‌ره‌نسا له هاتنه‌وه‌ی ناو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دواكه‌وت و ئێسته ده‌یه‌وێ قه‌ره‌بووی بكاته‌وه. فه‌ره‌نسا له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی (شیراك)ـدا به‌شداریی شه‌ڕی لێدانی عێراقی نه‌كرد، به‌ڵام (ساركۆزی) ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بوو كرده‌وه و ئێستا پێوه‌ندیی زۆر خۆشیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه. ئێستا نوێنه‌ری سێ حزبی سه‌ره‌كیی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و وڵاتانه، دووپات له پته‌وتركردنی پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌نه‌وه.
كه‌وایه پێشتر پێوه‌ندیی نێوان ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا خراپ بووه؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): به‌ڵێ، له راستیدا بەر له شه‌ڕی داعش، پێوه‌ندیی نێوان ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا نه‌مابوو. فه‌ره‌نسا له‌و سه‌رده‌مه‌دا زه‌ره‌ری زۆر گه‌وره‌ی كرد.
مه‌به‌ستی منیش هه‌ر ئه‌وه بوو، كه‌وایه فه‌ره‌نسا له ناچارییه‌وه ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئێستا ده‌دات؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): نه‌ك له رووی ناچارییه‌وه. فه‌ره‌نسا خاوه‌نی ئه‌فریقایه، به‌ڵام ئه‌وان داهێنه‌ری ئه‌و رۆژهه‌ڵاته ناوه‌ڕاسته بوونه و نه‌یانده‌ویست له ده‌ستیان ده‌ربچێت. فه‌ره‌نسا دوو قازانجی كرد، یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا پێكهاته‌وه و دووه‌م ده‌رچوونی به‌ریتانیا بوو له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا.
ئێوه له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نساییه‌كاندا باسی ئه‌وه‌تان كردووه كه ئه‌وان هۆكارێك بوونه بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی 100 ساڵی رابردوودا كورد تووشی هه‌زاران نه‌هامه‌تی بووه؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): ئه‌وان ئێستا له‌وه تێده‌گه‌ن و فه‌ره‌نسا به‌رده‌وام له كاتی ته‌نگانه‌دا به فریای كورد هاتووه. وه‌كوو ساڵی 1991 و كاتی هێرشی داعش بۆ سه‌ر كوردستان. ده‌بی خۆمان كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌وان برینه‌كانی ئێمه ساڕ‌ێژ ناكه‌ن.
مه‌سه‌له برین نییه، به‌ڵكو سیستمی نوێی جیهانییه كه زۆربه‌ی شرۆڤه‌كاران ده‌ڵێن ئه‌مه‌ریكا و رووسیا له‌سه‌ری رێككه‌وتوونه، ئایا كورد ده‌توانێ له‌و نێوه‌ندا هێز و رۆڵی هه‌بێت؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): كورد ئێستا زۆر به‌هێزه. ئه‌و دیپلۆماسییه‌تەی كورد هه‌یه‌تی، عێراقییه‌كان نیانه. عێراق بۆ ئه‌ورووپاییه‌كان باوی نه‌ماوه و عێراق به به‌شێك له ئێران ده‌زانن.
پێتوایه كورد ئه‌مجاره فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێ له رێی كورده‌وه بێته‌وه ناو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): به‌ڵێ هاتووه. له شه‌ڕی داعشدا، فه‌ره‌نسا یارمه‌تیی كوردی داوه، به‌ڵام یارمه‌تیی عێراقی نه‌داوه.
فه‌ره‌نسا ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه‌تی، ئاماده‌یه بیكاته قوربانیی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد؟، چونكه پێده‌چێت ئێران به ته‌واوی دژی ئه‌و پرۆسه و نه‌خشه‌یه بێت كه ئێستا له ناوچه‌كه‌دا هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ده‌درێت.
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندیی زۆر گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه و هاوكات دژی ده‌ستتێوه‌ردانی هه‌ر وڵاتێكن له كاروباری ناوخۆی عێراقدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا ناتوانن پێشی لێ بگرن. هه‌ندێ شتیش هه‌یه ده‌بێ بكرێن به ئه‌مری واقیع، وه‌كوو هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992 و چه‌سپاندنی ریفراندۆم. ئێمه ئه‌گه‌ر خۆمان یه‌كگرتوو بین، كه‌س دژمان ناوه‌ستێت. بۆ نموونه ئێستا ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی كوردی بۆ توركیا، زۆر باشتره له عێراقێكی شیعیی به‌هێز و ئه‌وانیش له‌وه تێده‌گه‌ن.
ئێوه باس له یه‌كگرتووییی كورد و هاتنه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له رێگه‌ی كورده‌وه ده‌كه‌ن. ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسا هیچ گوشارێكی خستووه‌ته سه‌ر هێز و لایه‌نه كوردییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ناو ماڵی خۆیان رێك‌به‌خه‌نه‌وه و یه‌كگرتوو بن؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): ئه‌وان هه‌میشه هه‌وڵیان داوه، به‌ڵام هیچ كاتێك گوشاریان نه‌هێناوه. ئه‌وه كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی ئێمه‌یه و ده‌بێ خۆمان چاره‌ی بكه‌ین و ئه‌وان هه‌وڵی ناوه‌ندگیری ده‌ده‌ن.
بۆ ده‌بێ توركیا بۆ كارێكی له‌و شێوه‌یه هاوكار نه‌بێت؟ خۆ ئه‌وه لاوازكردنی بناغه‌كانی ئابووریی په‌كه‌كه‌یه؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): به‌ڵێ، به‌ڵام ئێستای‌ش یه‌ك له گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی نێوان توركیا و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌یه.
كه‌وایه توركیا نایه‌وێ مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت؟
(عه‌لی دۆڵمه‌مه‌ڕی): نه‌خێر، نایه‌وێت. توركیا ئه‌گه‌ر هاوكار بێت، كێشه‌ی په‌كه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
ئه‌وه سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیایه یان ئه‌رگه‌نه‌كۆن؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): من پێموایه ئه‌گه‌ر (ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان) سه‌رۆككۆماری توركیا له ریفراندۆمی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووردا سه‌ربكه‌وێت، مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
له ئه‌ورووپا چۆن سه‌یری گۆڕینی سسته‌می ده‌سه‌ڵاتداره‌تی له توركیا ده‌كه‌ن؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): ئه‌وان دژی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ن و پێیان وایه توركیا به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت ده‌چێت.
تۆ پێتوایه به گۆڕینی ده‌ستوور، كێشه‌ی په‌كه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بێ و هه‌ر به‌پێی قسه‌كانی خۆت، به واتای چاره‌سه‌ركردنی یه‌ك له كێشه گه‌وره‌كانی ئه‌ورووپایه، ئه‌دی بۆ ده‌بێ توركیا دژ بن؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): ئه‌وه كێشه‌یه‌كی بچووكی ئه‌وانه و ده‌توانن به داخستنی سنووره‌كانیان به‌سه‌ر توركیادا ئه‌وە چاره بكه‌ن، به‌ڵام پێیان وایه گۆڕینی سسته‌می ده‌سه‌ڵاتداری له توركیا، ده‌بێته كێشه بۆ ناوچه‌كه.
فه‌ره‌نسا به گشتی چۆن له پرسی كورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان ده‌ڕوانێت؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): ئه‌وان له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی پرسی كورددانه.
به‌ڵام ئه‌ورووپاییه‌كان حكوومه‌تە مه‌ركه‌زییەکانی ئه‌و وڵاتانه ده‌ناسن و ده‌زانن كه دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا سوودی نییه، ئه‌دی چۆن ده‌یانه‌وێ به ئاشتی پرسی كورد چاره‌سه‌ر بكرێت؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): ئه‌وان وه‌كوو نموونه باس له پێوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، هیچ كه‌سێك باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد له توركیایه‌ك كه ته‌نانه‌ت ناوی كوردیش قه‌ده‌غه بوو، ڕێ بدرێ هێزی پێشمه‌رگه به ئاڵای كوردستانه‌وه به ناو خاكه‌كه‌یدا تێپه‌ڕێ و بچێت ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستان رزگار بكات. ئه‌وان ده‌ڵێن له سیاسه‌تدا هیچ شتێك مه‌حاڵ نییه، بۆیه هانی كورد ده‌ده‌ن به ئاشتیانه پرسی خۆیان چاره بكه‌ن.
به‌پێی قسه‌ی خۆت، فه‌ره‌نسا له رووی سیاسییه‌وه پێوه‌ندیی به‌هێزی له‌گه‌ڵ كوردستاندا هه‌یه، به‌ڵام بۆ له پێوه‌ندیی ئابوورییدا لاوازن؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): كۆمپانیا فه‌ره‌نساییه‌كان هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ئاسایش و ئارامیی كوردستاندا نییه، به‌ڵام كێشه‌یان له‌گه‌ڵ سیسته‌می بانكیی كوردستان هه‌یه. جیا له‌وه‌ش كه‌م كه‌س له كوردستان فه‌ره‌نسایی ده‌زانێ و ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه. جیا له‌وه‌ش رۆتیناتی ئیداری یه‌كجار زۆره.
ئه‌و وڵاتانه ده‌زانن كه ئێمه گه‌لێكی لێقه‌وماوین و پێویستمان به یارمه‌تیی ئه‌وان هه‌یه، ئه‌دی بۆ هیچ یارمه‌تییه‌كی كوردستان ناده‌ن له‌وباره‌یه‌وه؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): ئێمه ده‌بی پلانمان بۆ خۆمان هه‌بێت، ئه‌وان وڵاتی زۆر گه‌وره‌ن و له ئاستی جیهانیدا كار ده‌كه‌ن. ئێمه هیچ سیاسه‌ت و پلانێكی ئابووریمان نییه. كه‌س ماڵمان بۆ رێك ناخات، خۆمان نه‌بێت.
فه‌ره‌نساییه‌كان چۆن له مه‌سه‌له‌ی له داهاتووی سووریا و پرسی كورد ده‌ڕوانن؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): ئه‌وان دووپات له رۆیشتنی (به‌شار ئه‌سه‌د) ده‌كه‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ فیدراڵی بۆ كورددان.
فه‌ره‌نساییه‌كان گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست بۆ هاتنه‌دی ئاشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به چی ده‌زانن؟
(عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی): ئێران و رووسیا و له روانگا‌ی ئه‌وانه‌وه گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستن.




