٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بەغدا دەیەوێ لە ڕێی برسیکردنی خەڵکی کەرکووکەوە خەڵکی بۆ حەشدی شەعبی ڕابکێشێت"

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان گوتی، بەغدا بەرنامە و پیلانی داناوە بۆ برسیکردنی خەڵکی کەرکووک، بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن، بچنە نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە.

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک _گەرمیان، (عەدنان کەرکووکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تورکمانی شیعە لە کەرکووک لەنێو حەشدی شەعبیدا ھەن و ژمارەشیان زۆرە و ئێستا دوای ھاتنی پرسی ڕیفراندۆم و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان ھەوڵی ئەوە دەدەن خەڵکی دیکەش ببەنە ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی دژایەتیی ھەرێمی کوردستان بکەن.''

(عەدنان کەرکووکی) گوتی: ''لە کەرکووک یاری بە موقەدەساتی خەڵک دەکرێت و خراپیی دۆخی ئابووریی خەڵک لە لایەن بەغداوە دەقۆزرێتەوە، بۆیە ئەو خەڵکەی لە کەرکووکیش دەچنە نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە لەبەر خاتری ئەوان ناچن، بەڵکو بەھۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە ئەو کارە دەکەن.''

(کەرکووکی) ڕوونیشی کردەوە: ''حکوومەتی عێراق بۆ برسیکردنی خەڵکی ئەو ناوچانە بەرنامە و پیلانی داناوە، بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن ببنە حەشدی شەعبی و دواتریش مێشکیان بشۆنەوە بۆ دژایەتیی ھەرێمی کوردستان و دژایەتیی گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێم، ئەگەرنا ھیچ مەبەستێکی دیکە نییە و ئەمەش جۆرێکە لە تەعریبکردن بە شێوازێکی دیکە.''

بڵند ئیبراھیم 
 

هەواڵی پەیوەندیدار