حزبەکانی ڕۆژهەڵات، پشیوانی و پشگیریی له ڕیفراندۆمی باشوور دهكهن

هەولێر-KDP.info- حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەن و پێیان وایە، ئەوەی دەکرێت مافێکی رەوای گەلی کوردستانە.
(محهممەد نەزیف قادری) ئەندامهی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگهیاند، "هەر بژاردەیەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ئیرادەی گەلی کوردستان لە باشوور لەگەڵی بن، پشتیوانی لێ دەکەین و پێم وایە، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ دوودڵییەکی نییە، لە ئاستی جەماوەریش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیی فراوان لە ڕیفراندۆم دەکرێت، بۆیە هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەبێت ئەوە بزانن کە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان ئومێدیان بە ڕیفراندۆمی باشوورە."

(محهممەد نەزیف قادری) دەڵێ، "دەبێت لەم قۆناغەدا گەلی کوردستان ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت بڕیاری خۆی بدات، چونکە دۆخێک هاتووەتە پێشەوە بۆ گەلی کوردستان كه ئێستا لە هەموو ئاستێک و لە هەموو وڵاتانی جیهان پشتیوانی لە پێشمەرگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە ئێمە وەک حزبی دیموكراتی کوردستانی ئێران پشتیوانی و پشتیگیریی لە داواکاری و مافەکانی گەلی کوردستان دەکەین."
ئهو ئەندامهی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران جەخت دەکاتەوە، "ناکرێت گەلی کوردستان لە باشوور بەدیار دەسەڵاتی بەغداوە دانیشێت، گرینگیشە ئەو پشتیوانییەی لە گەلی کورد دەکرێت بکرێتە چەکێکی بەهێز بۆ ڕیفراندۆم."
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا کۆ بوونەوە و وا پێکهاتن کە لەمساڵدا(٢٠١٧)، بۆ بابەتی سەربەخۆیی بگەڕینەوە بۆ رای خەڵک و ڕاپرسی ئەنجام بدەن، لەو سۆنگەیەوە بڕیاریشیان دا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەن، کۆی حزبەکانیش وەک رایانگەیاندووە لەگەڵ ئەنجامدانی راپرسین.
(ئەنوەری محەممەدی)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ڕیفراندۆم مافی تاک به تاکی کوردستانیانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەوە بە مافێکی ڕەوا دەزانین و پێشمان وایە دەبێت گەلی کوردستان لەم بەشەی کوردستان یەکهەڵوێست بن و، نەهێڵن ئەگەر پیلانێک یان دەستێکی دەرەکی بیەوێت تەگەرە بخاتە بەردەم ڕیفراندۆم و، بە یەکگرتووییی خۆیان ئەو پیلانانە پووچەڵ بکەنەوە، چونکە ئەوە مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە. ڕیفراندۆم واتە دەربڕینی خۆت بۆ ئەوەی بە شتێکی دیاریکراو بگەیت، خۆ ئەگەر ڕیفراندۆم کرا بە خێرا دەوڵەت ڕاناگەیێنرێت، بەڵام دونیای دەرەوەی خۆمان تێدەگات لەوەی کە کورد خوازیاری ئەوەیە مافی خۆی دیاری بکات، بۆیە یەکگرتنی حزبەکان یەکەم هەنگاوە کە پیلانی دژمن پوچەڵ بکاتەوە."
(محەممەدی) گوتی، "کوردستان ناتوانێت لەژێر سێبەری حکوومەتێکی لەو شێوەی وەک عێراق بژیێت، چونکە ئەزموونی چەند ساڵەی حوکم لە عێراق ئەوەی سەلماندووە و ناکرێت چاوی لێ بپۆشین یان خۆمان هەڵخەڵەتێنین".
بەگوێرەی زانیارییەکان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان حزبەکانی راسپاردووە، نوێنەریان بۆ لیژنەی باڵای ڕاپرسی دیاری بکەن و وایش بڕیارە لە حەفتەی دابێ کۆبوونەوە باڵا بۆ ئەم پرسە چارەنووسسازە ساز بدرێ.
(حوسێن یەزدانپەنا) جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ''گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە، کە ژێردەستەیی قبووڵ ناکات، بڕیاری ڕیفراندۆم لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانەوە، بڕیارێکی زۆر گرینگ و بوێرانە بوو، چونکە ئێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووەتە ناسنامەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرگریکردن لە هەموو جیهان، باشووری کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە خاوەنی دامەزراوەگەلی گرینگ و خۆماڵی و خەڵکی کوردستان دڵخۆشن بەوەی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی شەڕی چیاکانەوە، ئێستا شەڕی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم و مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان دەکات.''
(یەزدانپەنا) گوتیشی، ''بەبێ جیاوازی دەبێ پرسی ڕیفراندۆم بکرێتە پشتیوانیی بەهێز بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە مافی گەلی کوردستان دیاری بکرێت، کە بەدڵنییایییەوە ئەمە مافی گەلی کوردستانە و، هاوکات بۆ ئەو پرسە هەست بە پشیوانیی نێودەوڵەتییش دەکرێت، چونکە زۆر وڵات و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەیییان دەربڕیووە، بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە.''
جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان دهشڵێ، ''ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەبێتە پشتیوانیی بەهێز بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و حەقە ئەو ڕێگایە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا دووبارە بکرێتەوە، دەنگدان بۆ ڕیفراندم مافێکی ڕەوایە و وەک حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوەتی پشیوانی و پشگیریی لێ دەکەین.''
کارزان سەباح هەورامی






