لاوان، ئافره‌تان و قوتابیان: ده‌مانه‌وێت له ڕێى ڕیفراندۆمه‌وه ئاواتى له‌مێژینه‌مان بێنینه‌دى

هه‌ولێر-KDP.info- لاوان و ئافره‌تان و قوتابیان ده‌ڵێن، زه‌مینه‌سازیى باش ده‌كه‌ن بۆ ڕیفراندۆم، تا ئاواتی له‌مێژینه‌ى گه‌له‌ی كورد بێته‌دى كه سه‌ربه‌خۆییه.
(ته‌یموور ته‌یموور عه‌بدال) سكرتێرى یه‌كێتیى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان، پاڵپشت و پشتیوانى ڕیفراندۆمن له هه‌رێمى كوردستان؛ جا ئه‌وه‌ى له توانایاندا بێت له رێگاى كۆڕ و سمینار و دیبه‌یت و پانێڵ، بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ى پرسى ڕیفراندۆم بۆ گه‌نجان و لاوان و چین و توێژه‌كانی روون ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌و به پێویستی ده‌زانێ گرینگیی ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بۆ لاوان بخه‌نه به‌ر باسه‌وه، به تایبه‌ت له‌و قۆناغه گرینگه‌دا بۆ ئه‌وه‌ى گه‌نجان به رێژه‌یه‌كى زۆر باش به‌شدارى له پرۆسه‌ى ڕیفراندۆم بكه‌ن.
(ته‌یمور عه‌بدال) هه‌روه‌ها بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لاوان هه‌میشه شوره‌ى پۆڵایینى ئه‌م وڵاته بوونه، ئه‌ركى لاوان قورس ده‌بێت و هه‌ر وه‌ك شوره‌ى پۆلایینیش ده‌مێننه‌وه بۆ پاراستنى كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كان و، ده‌بنه هه‌وێنى سه‌ربه‌خۆییى كوردستان."
هێشتا لایه‌نه‌ێكی سیاسیی دیاریكراو نییه ڕای فه‌رمیی خۆی به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خواست و مافی گه‌لی وكردی له باشووری كوردستان كه گه‌یشتنه به سه‌ربه‌خۆیی نیشان دابێ، به‌ڵام پاش بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌ی دوو حه‌فته‌ی رابردوویاندا به سه‌رپه‌رشتیی (سه‌رۆك بارزانی) بۆ سازدانی راپرسی له‌مساڵدا، ته‌نیا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه چۆكی نه‌داوه بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ل شانده هاوبه‌شه‌كه‌یاندا و به‌شێوه‌یه‌كی نافه‌رمییش له‌سه‌ر زاری هه‌ڵسوراوانییه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌م پرۆسه جاره‌نووسسازه‌دا نین.
له وڵاتێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆدا ته‌واوی مافی ئافره‌تان ده‌ستبه‌ر ده‌بێ
(د. ڤیان سلێمان) سكرتێرى یه‌كێتیى ئافره‌تانى كوردستان له‌باره‌ى ئه‌م پرسه‌وه به ماڵپه‌رى فه‌رمیى پارتی دیمو‌كراتى كوردستانى گوت: "ده‌رفه‌تێكى مێژوویى بۆ گه‌لى كوردستان فه‌راهه‌م بووه، گه‌لێك كه ده‌ریایه‌ك خوێنی ڕشتووه بۆ ئه‌وه‌ى له وڵاتێكى ئازاد‌دا بژیێ. هه‌ڵبه‌ته بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى ئه‌مڕۆ له‌پێشمانه، پێویسته هه‌موو كوردستانیان به یه‌ك ده‌نگ و یه‌كریزی له ده‌ورى پرۆژه‌كه‌ى (سه‌رۆك بارزانى) كۆ ببنه‌وه و پاڵپشت بن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ئاواته له‌مێژینه‌مان بێته‌دى.''
وه‌ك (د. ڤیان سلێمان) گوتى، له قۆناغه جیاوازه‌كانى ئازادی‌دا ئافره‌تان هه‌میشه زۆرترین باجیان داوه و، پێویسته توێژى ئافره‌تان له هه‌موو توێژه‌كانى تر زیاتر به په‌رۆش بن بۆ ڕیفراندۆم و، گوتی ''ته‌نها له وڵاتێكى ئازاد و له سایه‌ى ئارامیى سیاسى و به‌دامه‌زراوه‌یىبووندا ئافره‌تان ده‌توانن داواى مافه‌كانى خۆیان بكه‌ن و یه‌كسانیى زیاتر جێگیر ببێ."
سكرتێرى یه‌كێتیى ئافره‌تانى كوردستان هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: ''ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم ئاواتى وڵاتێكى ئازاد بۆ كوردستانیان به‌دیارى بێنێته‌وه، ئه‌وا بۆ ئافره‌تان دووجار دیارى ده‌هێنێ، یه‌كه‌م له وڵاتێكى ئازاد‌دا ده‌ژیێن، دووه‌میش پرۆسه‌ى یه‌كسانى و مافه‌كانى ئافره‌تان له رووى پشك و ده‌رفه‌ت و ده‌ستكه‌وت له‌گه‌ڵ پیاوان له رووى رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى.. هتد، زیاتر ده‌چه‌سپێت''، (د. ڤیان سلێمان) له‌و سۆنگه‌یه‌وه داوا له ئافره‌تان ده‌كات به ئه‌ركى سه‌رشانى خۆیان هه‌ستن و هانى كوڕ و كچانیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له ڕیفراندۆم به‌شدار بن و به به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیى ده‌نگ بده‌ن.
قوربانیمان بۆ سه‌ربه‌خۆیی داوه
(حه‌سه‌ن شێخ عه‌لائه‌ددین) سكرتێرى یه‌كێتیى قوتابیانى كوردستانیش ده‌رباره‌ی هه‌مان پرس، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانى ڕاگه‌یاند، ڕیفراندۆم بابه‌تێكى نیشتیمانییه و ئه‌ركى هه‌موو تاكێكى كورده به هه‌ڵوێستێكى خۆنه‌ویستانه‌وه كارى بۆ بكات و گوتی ''وه‌كو توێژى قوتابیان كار بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌كه‌ین و گرینگه ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی داومانه، ببێته وه‌سیله‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى كوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت و خه‌ونى چه‌ندین ساڵه‌مان بێته دى."
(شێخ حه‌سه‌ن عه‌لائه‌ددین) جه‌ختی كرده‌وه كه یه‌كێتیى قوتابیان ئاماده‌كاریى خۆی ده‌كات و پلان به‌رنامه‌ى جیاوازی بۆ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ڕیفراندۆم ده‌بێ و ده‌شڵێ، ''پێویسته قوتابیان زه‌مینه‌سازییه‌كى باش بكه‌ن بۆ پشتگیریكردن له‌و هه‌نگاوه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى كوردستان."
نه‌شوان به‌رزنجى






