ههولێر.. پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان دهكرێتهوه

ههولێر-KDP.info- سەرپەشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر دهڵێت، لە مانگی داھاتوودا دوو پیشانگای نێودەوڵەتی گرنگ لە شاری ھەولێر دەکرێنەوە دهشڵێت، یەکێک لە پێشانگاکان تایبەت دەبێت بە ئاوەداکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دهستى تیرۆرستانی داعش.
(عەبدوڵڵا ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەمساڵە ھەوڵدەدرێت ڕەوشی کردنەوەی پێشانگا نێودەوڵەتیەکان باشتر بکرێت لە ساڵانی ڕابردوو
و بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو پێشانگای نێودەڵەتی گەشتوگوزار لەھەرێمی کوردستا بکرێتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو کۆمپانیاکانی نێوخۆیی و بیانی تێیدا بەشداری بکەن، ئەوەش بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی گەشت و گوزارە لە ھەرێمی کوردستان وەک کەرتێکی گرنگی ئابووری.
سەرپەشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر گوتیشی، "لە ناوەڕاستی مانگی داھاتوو لە ڕۆژانی ١٥تا١٨ مانگ پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بۆبەرھەمی نێوخۆیی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دهستى تیرۆرستانی داعش بەڕێوەدەچێت و ئەمەش ھەلێکی باشە بۆ ئەوەی ھەم بەرھەمى نێوخۆیی پیشانبدرێت و ھەمیش ھەنگاوێکە بۆ ئاوەداکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە ژێر دهستى تیرۆرستانی داعش ئازادکراون و جارێکی دیکە پڕۆژەی ئاوەدانی بگاتەوە ناوچە ئازادکراوەکان، کە بەھۆی ھێرشی داعش خاپوور کراون.
قائید میرۆ




