٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەسەر داواکارییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی کوردستان دا"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ بەبۆنەی یادی ئەنفالەوە، فراکسیۆنە کوردەکان میواندارییان لە کۆمەڵێک کەسوکاری ئەنفالکراوان کرد، کە چەندین داواکارییان ھەبوو، داواکارییەکانیشیان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگیان لەسەر درا و پەسەند کران. لەوانە دروستکردنی پەیکەرێک بۆ ئەنفال و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، (عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا میوانداری لە نیزیکەی ١٠ کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان کرا و ڕێزێکی زۆریان لێ گیرا. ئەوانیش کۆمەڵێک داواکارییان ھەبوو، کە لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگیان لەسەر درا، کە ئەگەر جێبەجێش نەکرێن، بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان گرینگە و بۆ ئەوان دەبێتە مێژوو.''

(عەرەفات کەرەم) گوتیشی: ''ھاتنی ئەو کەسوکارانەی ئەنفالکراوان لەسەر داوای فراکسیۆنە کوردەکان بوو، بۆ ئەوەی بەبۆنەی یادی ئەنفالەوە ڕێزیان لێ بگیرێت و مەراسیمێکیان بۆ سازدرا و تێیدا چەند وتار پێشکەش کران؛ لەوانە وتاری سەرۆکی پەرلەمان و (عەمار حەکیم) و ئێمەش. ئەمە لەڕووی مەعنەوەییەوە بۆ ئەوان زۆر گرینگ بوو، لەبەر ئەوەی لەو شوێنەی بڕیاری ئەنفالکردنیان دراوە، ئێستا ڕێزیان لێ دەگیرێت و، سەرۆککۆماری عێراق، کە ئەوکات بڕیاری ئەنفالی دابوو، ئێستا کەسێکی کورد لە شوێنەکەی کار دەکات و پێشوازیی لێ کردن.''

داواکارییەکانی ئەنفالکراوان بریتی بوون لە دروستکردنی پەیکەرێک لە بەغدا بۆ ئەنفال و بەجینۆسایدناساندنی ئەو کەیسە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و تەرخانکردنی بڕێک پارە بۆیان و سزادانی ئەوکەسانەی دەستیان لە ئەنفالدا ھەبووە.

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار