ئەوقافی سۆران و یەكێتیی زانایان: برینی ئەنفال بە سەربەخۆیی كوردستان ساڕێژ دەبێ

سۆران-KDP.info- بە بۆنەی ساڵیادی كارەساتی ئەنفال، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران و لقی سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، لە ژێر درووشمی (برینی ئەنفال بە سەربەخۆیی كوردستان ساڕێژ دەبێ)، لە مزگەوتی سەروەران مەراسیمێكیان ساز كرد.
لە مەراسیمەكەدا، گوتاری بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران پێشكەش كرا و لەلایەن (مەلا خالید مەلەكی) بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی زانایانیش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ دوژمنانی كورد كە هیچ كارەساتێك ناتوانێ كورد لەناو بەرێت، لە مزگەوتی سەروەران ئاڵایەكی كوردستان هەڵكرا .
لەلایەن قوتابیانی ئایینیشەوە بە هەمان بۆنەوە چەندین پارچەشیعر و پەخشان خوێندرانەوە كە گوزارشتیان لە خۆشەویستیی كوردستان و ئاڵا و پێشمەرگە و شەهیدان دەكرد .
هەر بە هەمان بۆنەوە وەك گوزارشتێك لە 29 ساڵەی كارەساتی ئەنفال، 29 نەمام چێندران .
بە خوێندنەوەی چەند دوعا و نزایەك بۆ سەربەرخۆیی كوردستان و سەركەوتنی پێشمەرگە، كۆتایی بە مەراسیمەكە هات.
لەو بارەیەوە، (وەیسی سەعید وەیسی)، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "بە بۆنەی ساڵیادی كارەساتی ئەنفال، وەكو بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران و لقی سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، لە ژێر دروشمی (برینی ئەنفال بە سەربەخۆیی كوردستان ساڕێژ دەبێ)، مەراسیمێكمان ساز كرد و، لە مەراسیمەكەدا ئاماژەمان بەوە كرد كە 29ساڵ بەر لە ئێستا رژێمی بەعسی لەناوچوو بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامە و كولتووری گەلی كورد لە ژێر ناوی سوورەتێكی قورئانی پیرۆز و دوور لە هەموو بەها ئایینی و ئینسانییەكان دەرحەق بەگەلی كوردستان ئەنجامی دا كە هەمیشە ئایینپەروەری و ئیسلامدۆستی لە سەرووی هەموو پیرۆزییەكانی ژیانیانە كە، ئەمەیش پێچەوانەی پرەنسیپەكانی ئایینی ئیسلامە، چونكە لە دیدی ئیسلامدا هیچ كات مرۆڤ ئەنفال و قەتڵوعام ناكرێت كە بەداخەوە ئەو كات جیهانی ئیسلامی هەڵوێستیان نەبوو و بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو زوڵم و ستەمەی بەرامبەر گەلی كورد دەكرا ".
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران باسی لە رەوشی هەنووكەیی كوردستان كرد و گوتی، "خەڵكی كوردستان ئامادەسازی دەكەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم كە سەرەتایەكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ساڕێژی برینی ئەنفال و هەموو ئێش و ئازارەكان تەنیا سەربەخۆییە، وەك مامۆستایانی ئایینییش، پاڵپشتی لە هەنگاوەكانی جەنابی سەرۆك (مەسعوود بارزانی) بۆ ڕیفراندۆم دەكەین و، داوایش لە لایەنە سیاسییەكان دەكەین لە ئاستی هەستیاری قۆناغەكەدا بن و هەوڵی سەرخستنی ریفراندۆم بدەن، تا لە سایەیدا بە ئاشتیانە ببینە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ".
نەشوان بەرزنجی




