زێباری: چەند هێزێك بۆ كریستیان، ئێزدی و عەرەب دامەزراون.. وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەكات

هەولێر-KDP.info- لە دوای رووخانی رژێمی (سەددام) و هاتنی داعش و زۆربوونی هێرشە تیرۆریستییەكان دژی كەمایەتییە ئایینی و مەزهەبییەكانی عێراق، زۆربەی زۆریان روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و بە پەناگەی ئارامی خۆیان زانیوە، بەڵام چەند راپۆرتێكی نێودەوڵەتی بە بێ پشتبەستن بە سەرچاوەی دروستی هەواڵەكانیان، باس لە بوونی پێشێلكاری و جیاوازی دەكەن لە نێوان پێكهاتە ئایینی و مەزهەبییەكانی كوردستاندا.
لەم بارەیەوە، (د. دیندار زێباری) سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند، هەرێمی كوردستان هەمیشە ئەو شوێنە بووە كە پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بە شوێنێكی ئارامیان زانیوە بۆ ئەوەی بە یەكسانی تێیدا بژین، بۆیە بە وڵاتی پێكەوەژیانیان ناو بردووە، هەروەها كەمایەتییە ئایینی و مەزهەبی و ئیتنییەكانی عێراق، هەرێمی كوردستانیان بە تاكە شوێن زانیوە لە سەرتاپای عێراق كە تێیدا بە ئاسوودەیی بژین و سەر و ماڵیان پارێزراو دەبێت. هەروەها هەست بە هیچ جۆرە جیاوازییەك ناكەن لە رووی نەتەوە و ئایین و مەزهەب و گشت مافێكیان پارێزراوە. بۆ نموونە كۆمەڵگایەك لە ساڵی ١٩٧٨ لەسەر زەوی گوندی (گاڤانا) لە دهۆك كە زەوی برا كریستیانەكان بووە، دروست كراوە بۆ راگواستنی خەڵكی چۆمان، نیازی رژێمی بەعس لەم كارە نانەوەی ئاژاوە لە نێوان موسڵمان و كریستیانەكان بوو، كۆمەڵگایەكی بۆ موسڵمانان لەسەر زەویی برا كریستیانەكان دروست كردووە، سەرەڕای ئەمەیش حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روانگەی رێزگرتن لە ئایین و نەتەوەكانی دیكە، لیژنەیەكی بۆ داواكاریی ئەم برا كریستیانانە پێك هێنا و پێشنیازیان پێشكەش كردووە كە وەك حاڵەتێكی (ئیستیسنا) زەوی ئەم برا كریستیانانە بۆیان بگەڕێتەوە و داوا لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك كراوە كە جێبەجێی بكات.
(زێباری) ئەوەشی خستە روو كە، لە ساڵی ١٩٩٢ـدا دوای راپەرین رێنمایی تایبەت بەو گوندانەی كاول كراون دەرچوو كە بە رێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ١٩٩٢ ناسراوە و تیایدا هاتووە: زەوی بدرێتە ئەو جووتیارانەی پێش كاولكردن لە گوند زەویان لە بەردەستدا بووە بەو مەرجەی ئامادە بێت لە بەردەم لیژنەی لێكۆڵینەوە و، لە ساڵی ١٩٩٦ لیژنە لەم گوندە دەستبەكار بووە و ئەو جووتیارانەی ئامادە بوون، زەوییان پێ دراوە لە مەسیحی و موسڵمان، بەڵام لە كاتی دابەشكردنی زەوییەكاندا هەندێك زەوی زیادی كردووە لەبەر ئەوەی ژمارەیەك لە مەسیحی و موسڵمانەكان لە بەردەم لیژنە ئامادە نەبوونە، بۆیە زەوییەكان دراوەتە ئەوانەی ئامادە بوون لە بەردەم لیژنە، لە ئەنجامدا (٣٦) كەس لەو جووتیارانە كە پێشتر كاری جووتیارییان كردووە، رۆڵەكانیان زەوییان پێ دراوە.
سەبارەت بە بەشداریكردنی كەمایەتییەكان لە شەڕی بەرگریی دژی داعش و رزگاركردنەوەی ناوچەكانیان، (زێباری) گوتی، لە ساڵی 2014 و پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش و هێرشیان بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان، هێزی فەرمی و تایبەتی كریستیان و ئێزدییەكان دامەزراوە كە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، هەروەها بەم دواییە هێزی بەرگری لە ئێزدیخانە خراوەتە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە كە لە نزیكەی (٤٠٠٠) پێشمەرگە پێك هاتوون و وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەكات و ڕاهێنان و چەك و پێداویستیی سەربازیشیان بۆ دابین دەكات، بۆ ئەوەی خۆیان بەرگری لە ناوچەكانی خۆیان بكەن و بەشداری بكەن لە رزگاركردنەوەی ناوچەكانیان، چونكە زۆربەی ئەو ناوچانەی كە كریستیان و ئێزدییەكان تێیدا نیشتەجێ كراون، دەكەونە سنووری ناوچە كوردستانییەكانەوە.
سەبارەت بە رۆڵی عەرەبەكانی ناوچەكەیش، (د. دیندار) ئەوەی خستە روو كە، ئەوانیش وەك پێكهاتەكانی دیكە مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە و بەم دواییە لەسەر داواكاریی عەرەبەكانی ناوچەكە بە تایبەتی رۆژئاوای مووسڵ، وەزارەتی پێشمەرگە لیوایەكی تایبەتی بۆ دانیشتووانی ناوچەكە دامەزراندووە بە ناوی لیوای (رۆژئاوای دیجلە) كە گشت پێدوایستییەكانیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ دابین دەكرێت و لە (٢٠٠٠) كەس پێك دێت لە خەڵكی ناوچەكانی زوممار، رەبیعە، عەیازییە و بەشێك لە شنگال، خولی یەكەمی مەشقی (لیوای رۆژئاوای دیجلە) بە بەشداریی 954 پێشمەرگە كۆتایی هات و ئەركیان پاراستنی ناوچەكانیانە دوای كۆتاییهاتنی داعش و رێگاگرتن لە هەر هێرشێكی دیكەی هاوشێوەی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان. گشت ئەم هێزانە لە دوای پرۆسەی ڕزگاركردنی مووسڵ ڕۆڵێكی گرنگیان لە ئازادكردنەوەی ناوچەكانیاندا هەبووە، بە تایبەتی لە شەڕەكانی ڕۆژئاوای شاری مووسڵ و باشیك و سنووری شنگال و ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە ئێزدی و كریستیانەكان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بۆ ئەوەی پێوەندی بە هێزەكانەوە بكەن، بەڵام تۆماركردنی ناوەكانیان بەهۆی قەیرانی دارایی حكوومەتی هەرێمەوە وەستاوە.
سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە بابەتی پێكەوەژیانی نێوان ئایین و پێكهاتەكان دەدات، بۆ ئەم مەبەستەیش لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی جگە لە موسڵمانان، گشت پێكهاتە ئایینییەكان بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە خۆیان هەیە، لەوانەش ( ئێزدی، كریستیان، جوو، كاكەیی، زەردەشتی، بەهائی) بۆ راپەراندنی كاروبارەكانیان بەوپەڕی ئازادی و دوور لە هەر دەستێوەردانێك، ئەمەیش یەكێكە لە كارە گرینگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پتەوكردنی گیانی تەبایی و پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتەكانی هەرێمدا.




