ئاگادارییەك بۆ ئەو قوتابیانەی بەنیازن لە دەرەوەی وڵات بخوێنن

هەولێر-KDPinfo- ژمارەیەك كەس و كۆمپانیا بە ناوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە، پارە لە خەڵكی وەردەگرن لە بەرانبەر هێنانی قبووڵی زانكۆیی لە زانكۆكانی دەرەوە، بۆیە سەرجەم خوێندكاران ئاگادار دەكرێنەوە لەوەی كە، ئەو كەس و كۆمپانیایانە بە هیچ جۆرێك پەیوەندییان بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە نییە.
(عەباس ئەكرەم)، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، "ماوەیەكە ژمارەیەك كەس و كۆمپانیا بە ڕێگەی جیا لە نێو فێرخوازان و ناوەندەكانی خوێندن سەرنجی فێرخوازان بۆ خۆیان ڕادەكێشن و، پارە لە خەڵكی وەردەگرن لە بەرامبەر هێنانی قبووڵی زانكۆیی لە زانكۆكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و، وایش لە خەڵكی دەگەیێنن كە نوێنەرایەتیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەكەن".
(ئەكرەم) گوتیشی، "وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، فێرخوازان ئاگادار دەكەینەوە بە قسەی ئەو كەس و لایەن و كۆمپانیانە فریو نەخۆن، چونكە دور و نزیك هیچ جۆرە پەیوەندییەكیان بە وەزارەتەكەمانەوە نییە و بە هیچ جۆرێكیش بەرپرسیار نین بەرامبەر بە قسە و بەڵێنەكانیان".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند، "وەزارەتەكەمان ڕێوشوێنی ڕەوانەكردنی خوێندكارانی بۆ دەرەوەی وڵات، بەپێیی ڕێنماییەكان ڕێك خستووە و، هەر خوازیارێكیش دەخوازێت لە زانكۆكانی دەرەوەی وڵات لەسەر خەرجیی تایبەتی خۆی درێژە بە خوێندن بدات، دەتوانێت سەردانی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان بكات، یان سەردانی وێبسایتی وەزارەت بكات بۆ زانینی لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكان لە هەرێمی كوردستان و، چۆنیەتی كردنەوەی دۆسیەی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی نێردراوان".




